مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەددین ڕێژەیەکی پێوانەیی سایتەیشنی لەسەر ئاستی عێراق تۆمار کرد
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەددین ڕێژەی سایتەیشنی گەیشتە 100 هەزار.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-06-2025، پ. د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆکە پێشوازیی لە پ. ی. د. کارزان شێخ موحسین، مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەددین کرد و لە بەرانبەر تێپەڕاندنی ژمارەی سایتەشنی بۆ 100 هەزار، سوپاس و پێزانینی پێشکەش کرد.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، مامۆستایەکی زانکۆ، ڕێژەی تێپەڕاندنی سایتەیشنی بگاتە ئەم ئاستە."
سایتەیشن چییە؟
سایتەیشن بریتییە لە بەسەرچاوەدانانى گۆڤارێک یان توێژینەوەیەک لە توێژینەوەیەکى زانستى دیکەدا، یان ژمارەى بەکارهاتنى باسێکى زانستى ئەکادیمی لە باسە زانستییەکانی تردا وەکوو سەرچاوە.
بۆچى سایتەیشن بەکاردێت؟
1. بایەخدان بە هەوڵ و ماندووبونى ئەو توێژەرانەى کە سوود لە توێژینەوە زانستییەکانیان وەردەگیرت، ئەمەش خاڵێکى گرنگە بۆ توێژەر کە توێژینەوەکەى سوودى لێ وەرگیراوە و وەک سەرچاوە لە باسێکى زانستى دیکەدا بەکار هاتووە.
2. سایتەیشن هۆیەکى گرنگە بۆ نەهێشتنى پلەیجەریزم (بەکارهێنانى باسێکى زانستى توێژەرێکى دیکە بەبێ ئاماژەکردن بە نووسەرەکەى).
3. سایتەیشن هۆیەکە بۆ ئەوەى خوێنەر بە ئاسانى بگات بەو توێژینەوانەى کە سوودى لێ وەرگیراوە لە نووسینی نامە زانستییەکەدا.
4. هۆیەکە بۆ ئەوەى خوێنەر متمانە بە سەرچاوەى زانیارییەکانی نێو توێژینەوەکە بکات.
