ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر مانگێک مۆڵەت بە هاوبەشانی دەدات

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ماوەی مانگێک مۆڵەت بە هاوبەشانی دەدات بۆ دانەوەی قەرزەکان و جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازیش دەڵێت: 15 هەزار هاوبەشی کرداریمان هەیە.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەکۆی دەنگ بریاریدا بە لێخۆشبوون بە ڕێژەیی 50٪ لە گشت هاوبەشانی ژوورەکەمان لە گشت سێکتەرەکان بازرگانی، دەلالی، پیشەسازی و کۆمپانیا، بۆ ماوەی مانگێک.
کامەران سەڵاح گوتیشی: 30 هەزار هاوبەشمان هەیە، بەڵام بەشێوەیەی کردارەکی ژمارەیان 15 هەزارە، چونکە بەشێکیان لە ژیان نەماون و بەشێکی دیکەیان بەهەر هۆکارێک بێت پابەندنینە، ئەم بڕیارە هەموو ئەوانەی سەرەوە دەگرێتەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی ناسنامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیان هەیە.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە دا، چوار پلەبەندی لە بازرگانەکان هەن، ساڵانە بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەیان بڕێک پارەیان لێ وەردەگرین، لە بەرانبەردا ساڵانە پشتگیریان بۆ دەکەین بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵ و چاڵاکی بازرگانی لە دەرەوەی ولات، بڕی ئەو پارەی لە بازرگانەکان وەردەگیرێت بەمشێوەیە:
بازرگانی نایاب 160 هەزار
بازرگانی یەکەم 110 هەزار
بازرگانی پلە دوو 90 هەزار
بازرگانی پلە سێ 50 هەزار.