ناوەڕاستی ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر تەواو دەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 15ی تەممووز، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر، تەواو دەبێت.
سێشەممە، 1ـی تەممووزی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "15ی تەممووز، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرا، لە شەقامی ڕەشکین، مەخموور، کەرکووک و کۆیە و شەقامی نوێی مووسڵیش، تەواو دەبێت."
ئاری ئەحمەد دەڵێت: قۆناغی دووەمی پرۆژەکەش دەستی پێ کردووە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت. یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکان تەواو کراوە، لە سێ مانگی داهاتوو لە سەدا سەدی پرۆژەکە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، هەروەها ئەو پرۆژەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دانیشتووانی هەولێر سوودمەند دەبن لێی.
دەشڵێت: ئێمە چەند هێڵێکمان هەیە دوو هێڵمان 1200 ملیمە، دوو هێڵێ دیکەی 1800ملیمیشمان هەیە، هەموو ئەوانە لەناو شاری هەولێر کار دەکەن.
باسی لەوەش کرد، لە قۆناغی یەکەمدا گرفتەکانی هەولێر لە سەدا 65 بۆ 70 چارە دەکات، گەرەکی 32 پارک، توورەق، مامزاوە، سەرکارێز و قەتەوی باغە منارە، گەرەکەکانی ژیان ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، هاوکاریی، بێرکۆتی نوێ، پێنجی حەسارۆک و زیلان لەگەڵ ئەو کۆمەڵە نیشتەجێیەکان کە دەکەونە ئەو ناوچەیە، وەک ئاڵتوون، گەرەکی هیران و ئاوێنەی شار، زەیتوون، جگە لەوانەش دارەتوو، بنەسڵاوە و کەسنەزان، دەگرێتەوە.
سەبارەت بە بیری گەڕەکەکان، ئاری ئەحمەد دەڵێت: بیرەکانی هەولێر هەروەکو خۆیان دەمێننەوە کارەبایان لەسەر دەبێت و لە خزمەت دەمێنێتەوە، بەڵام کار ناکەن و ڕادەگیرێن، وەکو بەدیلێک بۆ ناوشار، ئەگەر هەر حاڵەتەێکی لەناکاو هەبوو یان پرۆژەکە کێشەی تێ کەوت، ئەو کاتە بیرەکان کاریان پێ دەکرێتەوە.
سەبارەت بە عەمباراو، ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئێمە حەوت عەمباراوی قەبارە جیاوازمان لە هەولێر هەیە، جگە لە وێستگەی سێی سەرەکی کە لە سێبیرانە، زیاتر لە 120 هەزار مەتری چوارگۆشە ئاو لەخۆ دەگرێت.