ئەمساڵ بە ڕێگەیەکی نوێ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دەگوازرێنەوە عێراق
کۆمپانیای گواستنەوە و گەیاندنی دەریایی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێران ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ڕێگەی دەریاییەوە بگوازێتەوە.
ئەمساڵ بۆ پێشوازی و گواستنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی، ڕێککەوتنێک لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی بەندەری خوڕەمشەهری ئێران و کۆمپانیای گواستنەوەی گەیاندنی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر و باشتری زیارەتکاران بکەن و لە ڕێگەی ئاوەوە بەشێکی زیارەتکاران لەو بەندەرەوە بگوازنەوە بەسرە.
هەردوو لایەن ڕێککەوتن و ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لەم نزیکانە ڕێگەی ئاوی بۆ گواستنەوە زیارەتکاران بخەنە خزمەت و بە درێژایی ئەو ماوەیەی چلەی ئیمامی حوسێن بەڕێوە دەچێت گەشتە دەریاییەکانی نێوان بەندەری خوڕەمشەهر بۆ بەندەری بەسرە بەدەوام دەبێت.
دووری نێوان هەردوو بەندەری خوڕەمشەهر و بەسرە، نزیکەی 37 کیلۆمەترە و هەر یەکێک لەو یەختانەی بڕیارە زیارەتکارانی پێ بگوازرێنەوە، دەتوانن 320 کەس هەڵبگرن. یەختەکان دەتوانن لە ماوەی کاتژمێرێکدا، زیارەتکاران لە بەندەری خوڕەمشەهرەوە بگەیەننە بەندەری بەسرە.
ئەمە بۆ جاری یەکەمە، زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ڕێگەی دەریاییەوە بگوازرێنەوە عێراق.
ساڵانە لە مانگی موحەڕەم موسڵمانانی شیعە مەزهەب لە ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە لێشاو سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشووری عێراق دەکەن، بە تایبەت لە هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا، لە نێویاندا بەشێکی زیارەتکاران لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە دەربازی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت دەبن، دواتر بەرەو باشووری عێراق جوڵە دەکەن.