بەشێوەی ئەزموونی ئاوی زێی گەورە بۆ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بەردراوەتە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ناوەڕاستی ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو دەبێت و ئاو دەگاتە گەڕەکەکان.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: زۆری نەماوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواوبێت ئاو دەگاتە ژمارەیەکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر.

گوتیشی: بەشێوەیەکی ئەزموونی دەرگای وێستگەکان کراوەتەوە، ئاو لە زێی گەورە بەردراوەتە نێو بۆرییەکان، بەڵام تاوەکوو ناوەڕاستی ئەم مانگە ئاو ناگاتە گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم تەواو دەبێت و گرفتی بێ ئاویی بە تەواوی چارە دەبێت.

پرۆژەکە توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60%ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە ڕێگەی هەر سێ پرۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ هەولێری دانا، کە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment