پسوولەی خۆراکی هەولێر: ئەو هاوژینانەی جیابوونەتەوە سەردانمان بکەن

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئەو خێزانانەی لە یەکتر جیابوونەتەوە و یەکێکیان ناوی سڕاوەتەوە ئاگەدار دەکاتەوە، سەردانیان بکەن.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگەداری ئەو خێزانانەی کردەوە کە جیابوونەتەوە و تەڵاق نامەیان هەیە، بەهەر هۆکارێک بێت ناوی پیاو یاخود ئافرەتەکە لە ئەپڵیکەیشنەکە بلۆک کراوە، لەم حاڵەتەدا پێویستە ئەو کەسەی کە ناوی سڕاوەتەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بکات بۆ ئەوەی فۆڕمی تایبەت بە کێشەی خێزانیان بۆ پڕبکرێتەوەو ڕەوانەی بەغدا بکرێت بۆ ئەوەی بەشە خۆراکیان نەفەوتێ و ناویان بخرێتە نێو سیستەمی نوێکردنەوەی بەشە خۆراک، بەمەش کێشەکەیان چارەسەر دەبێت .
بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە بۆ ئەم پرسە سەردانیان دەکەن، ئەو پێداویستیانە بە کۆپیکراو لەگەڵ خۆیاندا بێنن.
کارتی نیشتمانی
کارتی زانیاری یان پشتگیری موختاری گەڕەک
تەڵاق نامە، گەر منداڵی هەبوو بڕیاری لەباوەش گرتن یان پێسپێری ( قرار حضانة او قرار وصاية )
پسوولەی خۆراک ( ئەگەر بەردەست نەبوو خۆمان بەدەلی بۆ چاپ دەکەین )
ژمارەی مۆبایل.
پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئەپڵیکەیشنی خۆراک لە هەولێر بەفەرمی کارا کرا و لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاریی ئارد و خۆراک هەن، کۆی گشتی پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاریی ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک لە هەڵەبجە وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی کارا کرا.