ریاڵ مەدرید دەیەوێت لە مۆندیالی یانەکان بەردەوام بێت

ریاڵ مەدرید دوای سەرکەوتنەکەی بەرامبەر یوڤێنتوس و سەرکەوتن بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی یانەکان، ئەمجارەیان لەم قۆناغە و لە پێناو بەدەستهێنانی بلیتی یاری پێشکۆتایی، رووبەڕووی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دەبێتەوە.
یانە شاهانەکە پێناچێت ئەرکی لەم یارییە ئاسان بێت، لەبەر ئەوەی بورووسیا دۆرتمۆند یەکێکە لەو یانانەی ئەنجامەکانیان چاوەڕوان نەکراو بوونە، ئەو یانەیە بەبێ ئەوەی هیچ دۆڕانێکی هەبێت، گەیشتووەتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
پێش یارییەکە چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند، دۆرتمۆند گۆڕانکاری لە پلان و پێکهاتەکەی کردووە و تیپێکی بەهێزە، بۆیە دەبێتە بەباشی خۆیان بۆ یارییەکە ئامادە بکەن.
پێش ئەوەی وەڵامی ئێوەی رۆژنامەنووسان بدەمەوە دەمەوێت بەناوی خۆم و یاریزانەکان پرسە و هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادە بەڕێزەکەی دیێگۆ جۆتا بنێرین. لەبارەی یارییەكەی دۆرتمۆند، ئاگام لێیە، ئەو یانەیە هەندێک گۆرانکاری لە پلان و پێکهاتەکەی کردووە، دۆرتمۆند پێكهاتەیەكی تۆكمەی هەیە و بەشداریی چامپیۆنزلیگی داهاتوو دەكات و هەمیشە بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، یارییەكە بۆ هەردوولا زۆر ئەستەمە، منیش چاوەڕێ دەكەم بزانم یاریزانەكانی من بۆ ئەم یارییە چی دەكەن. ئێمباپێ ئامادەیە بۆ یارییەكە، بەڵام هێشتا بڕیاریی كۆتاییم نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی كلیان، بەڵێ گۆنزالۆ گارسیا و ئێمباپێ دەتوانن بەیەکەوە لە پێشەوە یاریی بکەن، بە هەمان شێوە گۆنزالۆ و ئێندریکیش دەتوانن ببنە دووانەیەكی باش. قسەم لەگەڵ رۆدریگۆ کردووە، ئەو رۆژ بەرۆژ دەیەویت باشترین ئاست پێشكەش بكات، دڵخۆشیشم كە دەبینم ڤاڵڤێردی دەتوانێت گۆڵ بكات، دەستخۆشی لە گۆنزالۆ گارسیاش دەكەم ئەو دەرفەتەی پێم داوە بە باشی سوودی لێ وەرگرتووە.
هەردوو یانە پێشتر 16 جاری دیکە لە پاڵەوانێتیە جیاوازەکان یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، ریاڵ مەدرید بالادەست بووە و خاوەنی هەشت بردنەوەیە، لە بەرامبەردا دۆرتمۆند تەنها سێ یاری براوە بووە.
ریاڵ مەدرید لە حەوت یاری رابردوو هیچ دۆڕانێکی نەبووە، خاوەنی شەش بردنەوە و بەرامبەربونێکە، لە بەرامبەردا دۆرتموند ئەو یانەیەش یازدە یارییە لەسەر یەک، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، خاوەنی نۆ بردنەوە و دوو بەرامبەربوونن.