ئەستێرەکانی ریاڵ مەدرید و دۆرتموند قسە بۆ کوردستان24 دەکەن

ئەمشەو هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا و بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، کاتژمێر 23 بە کاتی هەولێر لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. پێش یارییەکەش ئەستێرەکانی هەردوو یانە تایبەت قسە بۆ کوردستان24 دەکەن.
جود بێلینگهام ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلاند و یانەی ریاڵ مەدرید تایبەت بە کوردستان24 لەبارەی رووبەڕووبونەوەکەی بەرامبەر دۆرتموند دەڵێت '' رووداوی مردنی دیێگۆ جۆتا، بۆ ئێمەی یاریزانانی ریال مەدرید رۆژێكی خەمناك بوو، جگە لەوەش ئەلێكساندەر ئارنۆڵد لە راهێنانەكان زۆر دڵتەنگ بوو، چونكە ماوەی 5 ساڵ بەیەكەوە لە لیڤەرپوول بوون، هەر چۆنێك بێت دەبێت بە باشترین شێوە خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆرتمۆند ئامادە بكەین. لەبیر نەكەین دۆرتمۆند تیپێكی زۆرباشی هەیە و متمانەیەكی گەورەیان هەیە، هاوڕێی زۆرم لەو یانەیە هەیە و خەڵكانێك زۆر لەوێ دەناسم و یادگاری نایابم هەیە، هیوای بەختێكی باشیان بۆ دەخوازم. بەداخەوە جۆب بێلینگهامی برام بەشداریی ئەم یارییە ناكات، دڵنیام لە داهاتوو دەرفەتی دیكەی دەبێت لە یارییە گەورەكان بەشداریی بكات. ئێمە وەرزێكی خراپمان تێپەڕ كرد، دەرفەتێكی باشە بە بردنەوەی نازناوێكی گەورەی وەكو جامی جیهانی یانەكان ئەم وەرزە خراپە لە یاد بكەین. لەبارەی ڕەتكردنەوەی نیكۆ ویلیامز بۆ بارسێلۆنا، ئەوە هیچ پەیوەندی بە من و یانەكەم نییە، ئێمە تەنیا گرینگی بە یاریزانەكانی خۆمان دەدەین ''.
لەلایەکی دیکە ئاردا گولەر ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ مەدرید، لە رێگەی کوردستان24 بۆ یەکەمجار نهێنیەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت '' هەست بە ئاسوودەیەكی باشتر دەكەم كاتێك لە هێڵی ناوەراست یاریی دەكەم، هیوادارم لەو شوێنەی ئێستام لە یاریكردن بەردەوام بم، چونكە چێژ لەو ستایل و شوێنە وەردەگرن، هەمیشە ئالۆنسۆ دەیەوێت من وەكو یاریسازێك و گۆڵدروستكارێك دەربكەوت، راهێنەر داوام لێ دەكەم رۆڵم هەبێت لە رێكخستنەوەی تیپەكەم و جوڵاندنیان بەرەو پێشەوە. ئەوە ئیشی من نییە کە ریال مەدرید بە دوو هێرشبەر یان سێ هێرشبەر یاریی دەکات، گرینگ ئەوەیە هەرچۆنێک بێت من بەشداریی یارییەکان بکەم. ئەوەی بۆ من گرینگە ئالۆنسۆ دەیەوێت وەکو یاریزان ژمارە 10 یاری بکەم و بەردەوام تۆپە لای خۆم بهێڵمەوە و دابەشی سەر هاوڕێیەكانمی بكەم. لەبارەی یارییەكەی ئەمجارەمان، دەزانین دۆرتمۆند زۆر قورسە، یاریزانی باشی هەیە، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە لەو یارییە سەردەكەوین ''.
کەریم ئادیمی یاریزانی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندیش تایبەت بە کوردستان24 باس لە رووبەڕووبونەوەی ریاڵ مەدرید دەکات و ئەویش دەڵێت '' ریال مەدرید یەكێكە لە باشترین یانەكانی جیهان، ئەگەر بمانەوێت لەو یانەیە ببەینەوە دەبێت یارییەكی باش و مێژوویی بكەین، پێویست ناكات باسی ئالۆنسۆی راهێنەریان بكەین، ئەو راهێنەرێكی باشە، بەڵام ریال مەدرید بەبێ راهێنەریش دەتوانێت ئاستێكی بەرز پێشكەن و یارییەكان ببەنەوە، چونكە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەو یانەیە ئێجگار بەهێز و جێگرە، بۆ بردنەوە دەچینە نێو یاریگە، بەنیازیش نین خۆشمان بشارینەوە و ناترسین هەموو شتێك دەكەین لەپێناو گەیشتن بە قۆناغی پێشكۆتایی. زۆریش حەز دەكەین رووبەڕووی ریال مەدرید دەبینەوە، بێلینگهام هاوڕێی ئێمەیە و پێشتر بەیەكەوە لەیەك تیم یاریمان كردووە، نزیكەی ساڵێكە نەمبینیوە، بەڵام سبەی لەنێو یاریگە دەیبینم و دڵخۆشم جارێكی دیكە یەكتر دەبینینەوە ''.