230 برینداری عاشوورا گەیەندرانە نەخۆشخانەی خورماتوو

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ڕایگەیاند: 230 برینداری مەراسیمی عاشوورا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی خوورماتوو کە بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە، ژمارەیەکیان دۆخیان لە مەترسیدایە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025 کە دەکاتە 11 موحەرڕەمی 1447ـی کۆچیی، مەراسیمی عاشوورا لە ئێران و عێراق و وڵاتانی زۆرینەی شیعی، بە فراوانی دەستیپێکردووە لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای مانگەکەدا تا 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە مەراسیمەکەدا ماتەم گێڕان بە هەموو ئەو کەرەستانە لەگیانی خۆیان دەدەن کە دەتوانێت جەستەیان ببڕێت و خوێنیان لێ بچۆڕێت.

ماتەم گێڕانی خوورماتوو بەشێوەیەک شینیان گێڕاوە، ژمارەکیان زۆر بە سەختی خۆیان بریندار کردووە کە دۆخی تەندروستییان زۆر خراپ بووە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ڕایگەیاند: 230 برینداری مەراسیمی عاشوورا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی خوورماتوو، برینی ژمارەیەکیان سەختە و خوێنی زۆریان لێ دەڕوا و مەترسیی کەوتووەتە سەر ژیانیان.

کونسوڵی گشتی ئێران لە بەسڕە ڕایگەیاند: پێشبینی دەکەن زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار لە ئێرانەوە هاتبنە نێو عێراق بۆ بەشداریی لە مەراسیمی یادی عاشوورا.

عەلی عابدی، کونسوڵی گشتی ئێران لە بەسڕە ئاماژەی بەوە کرد، زیارەتکاران لە دەروازەی شەلەمچەی نزیک لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە نێو عێراق، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لێژنەی هەماهەنگیی کرد لە ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازی ئاروەند، لە سنووری نێوان ئێران و عێراق کە لەبارەی سەردانیی زیارەتکارانەوە لەگەڵ عێراق گفتوگۆیان کردووە و هەماهەنگییان دروست کردووە، ئومێدی کرد هەماهەنگییان لەو بارەوە بەردەوام بێت.

دکتۆر محەممەد ئەکبەر، بەڕێوەبەری کەرتی تەندروستی خوورماتوو ڕایگەیاند: پلانی تەندروستیی بۆ پشتیوانی کردن لە مەراسیمی عاشوورا لە ڕۆژی دەیەمی مەراسیمەکەدا بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا، دەشڵێت: 200 فەرمانبەر لە پسپۆری جیا جیا، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و نۆرینگەی گەڕۆک و تیمی پزیشکیی چەسپاو و گەڕۆک لە شوێنی مەراسیمەکان دابینکراون.

ئەکبەر ڕایگەیاند: 450 کەسییان لەوانە چارەسەر کردووە کە لە مەراسیمەکەدا برینداربوون، سەرباری ئەوەی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و ناوەندەکانی تەندروستی و تیمەکانی فریاکەوتن بەدرێژایی شەقامی ماتەم گێڕان بڵاوەیان پێکراوە.

دەروازەی سنووری شەلەمچە 20 کیلۆمەتر لە شاری خورەمشەهری ئێران و 15 کیلۆمەتر لە شاری بەسڕەی عێراقەوە دوورە.