پاڵەوانێتی یارییە ئەلیکترۆنیەکان لە سعوودیە بەڕێوەدەچێت و خەڵاتەکەی خەیاڵیە

یارییە ئەلیکترۆنیەکان
یارییە ئەلیکترۆنیەکان

ئامادەکاری تەواو بۆ خولی جیهانی یارییە ئەلکترۆنیەکان لە سعوودیە کراوە و چاوەڕێش دەکرێت ببێتە یەکێک لە گەورەترین پاڵەوانێتیەکانی یارییە ئەلیکترۆنیەکان لە جیهان و خەڵاتە داراییەکانیشی خەیاڵین.

بڕیارە رۆژی سێ شەممە هەشتی جولای لە شاری ریاز پایتەختی سعوودیە، گەورەترین پاڵەوانێتی یارییە ئەلیکترۆنیەکان بەڕێوەبچێت و ئامادەکاری تەواویش بۆ پاڵەوانێتیەکە کراوە و چاوەڕێش دەکرێت لە سەرتاسەری جیهان، هاندەران گەشتی ئەو وڵاتە بکەن.

یارییە ئەلیکترۆنیەکان لەم ساڵانەی دواییە گرنگیەکی بەرچاوی پێدراوە و بۆ ئەمساڵیش نزیکەی دوو هەزار یاریزانە لە 200 یانەی جیهان، بەشداری پاڵەوانێتیەکە لە شاری ریازی سعوودیە دەکەن.

لەم پاڵەوانێتیە چەندان وەرزشوانی دیاری جیهانیش بەشداری دەکەن و دیارترینیان مەگنۆس کارلسن پاڵەوانی جیهانی شەترەنج و چەندان وەرزشوانی دیکەی جیهانی. هەروەها کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکو باڵیۆزی پاڵەوانێتیەکە دیاریکراوە.
ساڵی رابردوو پاڵەوانێتی یارییە ئەلیکترۆنیەکان نزیکەی 500 ملیۆن بینەری هەبووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە پاڵەوانێتیەکەی ئەمساڵ ژمارەی بینەرانی پاڵەوانێتیەکە زیاتریش بێت. بۆیە چاوێکی زۆر لەسەر ریاز پایتەختی سعوودیە دەبێت.

پاڵەوانێتی یارییە ئەلیکترۆنیەکانی 2025 لە شاری ریازی سعوودیە، پێک دێت لە 25 یاری جیاواز، لە رۆژی هەشتی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی 24ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هەروەها خەڵاتە داراییەکانیش 70 ملیۆن دۆلارە.

 
Fly Erbil Advertisment