زاخۆ: ناوی هەزار و 500 فەرمانبەری دیکە بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە

ناوی ژمارەیەک فەرمانبەری دیکە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ.

نەوزاد حاجی، بەرپرسی دابەشکردنی زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمووزی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکوو ئێستا ناوی 11 هەزار و 500 فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاونەتەوە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، تەنیا هەزار ناوی دیکە ماون بگەڕێنەوە.

نەوزاد حاجی گوتی: لە قۆناغی یەکەمدا چوار هەزار و 747 فەرمانبەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی زەوی، لە قۆناغی دووەمدا سێ هەزار و 500 دۆنم زەوی دیاریکراون لە چوار کەرتی جیاواز، خراب دێم، سەلکا، باکرما، خێلەخ، نەخشە و دیزاینی سەرجەمیان کۆتایی هاتووە، کار لەسەر ئەوە دەکرێت قەرەبووی خاوەن موڵکەکان بکرێتەوە.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment