ئاڵۆنسۆ دەیەوێت متمانەی هاندەران بەدەست بهێنێت

چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمە بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتای کاروانەکەی لەگەڵ یانەکەی، خۆی بسەلمێنێت و بە بردنەوە بەرامبەر پاریس سانجێرمان و بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالی یانەکان، متمانەیەکی باش بەدەست بهێنێت.
ریاڵ مەدرید خاوەنی زۆرترین ناسناوی مۆندیالی یانەکان، ئەم وەرزە لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی نەیتوانی هیچ ناسناوێک بەدەست بهێنێت، ئەوەی سەرەتای وەرز بەدەستیان هێناوە، ناسناوەکانی وەرزی رابردوو بوون.
ئەم یارییە بۆ کیلیان ئێمباپێ تایبەت دەبێت، ئەو یاریزانە دوای جێهێشتنی ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان، سکاڵای لە دژی یانەکەی پێشووی تۆمار کرد و کێشەیەکی گەورە لە نێوان هەردوولا دروست بوو، بۆیە گۆڵکارەکەی مێرنگی دەیەوێت لەناو لاکێشەی سەوز تۆلەی خۆی بکاتەوە.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، دێن هۆیسن بەرگریکاری نوێی یانەکە، بەهۆی کارتە سوورەکەی یاری رابردوو بەرامبەر بورووسیا دۆرتموند، ناتوانێت بەشداری ئەم یارییە بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە شوێنی ئەو رائول ئاسێنسیۆ لە پێکهاتەی سەرەکی یاری بکات.
هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و پاریس سانجێرمان لە مێژوودا پازدە یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، مێرنگی پێنج یاری براوە بووە و لە بەرامبەردا یانە شازادەکە چوار یاری براوە بووە، دوایین رووبەڕووبونەوەشیان وەرزی 2021 بۆ 2022 بوو کە بە بردنەوەی ریاڵ کۆتایی هات.