پاریس سانجێرمان دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمە

پاریس سانجێرمان دەیەوێت ببێتە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێ، لە وەرزێکدا حەوت ناسناو بباتەوە، ئەو یانەیە دوای بەدەستهێنانی ناسناوی سوپەری فەرەنسا، خولی فەڕەنسا، جامی فەڕەنسا، و چامپیۆنزلیگ، دەیەوێت بە بردنەوەی ناسناوی مۆندیالی یانەکان و سوپەری ئەوروپا و هەروەها جامی پاڵەوانان ئەم ریکۆردە تۆمار بکات.
پاڵەوانەکەی چامپیۆنزلیگ لە قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی ریاڵ مەدرید دەبێتەوە و بە بردنەوە بەرامبەر یانە شاهانەکە و خاوەنی زۆرترین ناسناوی مۆندیال، سەردەکەوێت بۆ یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە.
پاریس لە قۆناغی یەکەمی مۆندیالی یانەکان، توانی دوو بردنەوە و دۆڕانێک تۆمار بکات و وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناغی شازدە، لەم قۆناغەش توانی لە ئینتەر مەیامی بباتەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و لەم قۆناغەش لە بایرن میونشنی بردەوە.
پاریس سانجێرمان بۆ ئەم یارییە دوو یاریزانی بەردەست نابن، ئەوانی پاچۆ و هەروەها لوکاس هێرناندێز لە هێلی بەرگری، ئەو دوو یاریزانە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سووری راستەوخۆ لە یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن، بەشداری هیچ یارییەکی دیکەی مۆندیالی یانەکان ناکەنەوە.
یانە فەڕەنسیەکە خاوەنی باشترین هێلی بەرگری مۆندیالی یانەکانە، ئەو یانەیە لە کۆی پێنج یاری پاڵەوانێتیەکە تەنها یەک گۆڵی لێکراوە، لە بەرامبەردا دوازدە گۆڵیان تۆمار کردووە و خاوەنی باشترین هێلی هێرشبەریشن.