کابینەی نۆیەم؛ کوردستانێکی بەهێزتر لە جاران
لە ساڵی 2019 کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێک هێنرا، سەرۆک وەزیران دوای سوێندنخواردنی لەبەردەم نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایهنى پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆک وەزیران و کابینەی نۆ کوردستانێکی بەهێزتربوو لە جاران.
سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان هەرێمی کوردستان لە پیادەکردنی هەنگاوە دیموکراسییەکانى نەوەستاوە و لە ساڵی 2018ـدا خەڵك جارێكى دیكه و به گوڕوتینێكى دیكه چوونەوە سەر سندووقەکانى دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ئەنجام دا.
هاووڵاتییان ئازادانە و دیموکراسیانە لە پێناو کوردستانێکی بەهێزتر دەنگیان دا و نوینەرانی خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژارد.
لێرهوه پەرلەمان کارابۆوه و لە 10ـی تەممووزی 2019، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی شكۆى پێ بهخشرا و به بناغهیهكى بههێز دروست كرا، سەرۆک وەزیرانی نوێ هەر دوای سوێندخواردنی لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایهنى پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆک وەزیران و کابینەی نۆ کوردستانێکی بەهێزتربوو لە جاران.
کابینەی نۆ دەستی کرد بە کارەکانی، ههر لەگەڵ دەستپێکی کارەکانی هەرێمی کوردستانیش، جیهان رووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری گەورە و پڕ مەترسی بووەوە.
کۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەی شیرازهى جیهانی تێكدا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژیانی هاووڵاتییان به جۆرێك پەکی کەوت كه تهنگى به خهڵك ههڵچنیبوو، بەڵام هەر زوو کابینەی نۆ بە پلانێکی خێرا و وردبینیهكى زۆرهوه هەنگاو بە هەنگاو ڕووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە بووەوە، ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێندە تۆکمە و وردبوون کە واى له ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی كرد، حكوومهتى ههرێم بخاته ڕیزبهندى باشترین جۆری ڕێککارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە جیهان.
ئهوهى روون بوو هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتبوو قەیرانێکی دیکە ڕووبەڕووی جیهان بووەوە، ئەویش قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت بوو.
نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی خەڵكی هەرێمی کوردستانبوو، زیاتر لە 80%ـی داهاتی کوردستان لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەکەیەوە دابین دەکرا، ئهمه لە کاتێکدا عێراق بەردەوام ئاستەنگی بۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکەومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست دەکرد.
ئاستنەگەکانی عێراق لە لایەك و دابەزینی نرخی نەوت تا ئاستی نزیك لە سفر دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لە لایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر ناهەموار کردەوە، بەڵام به حیكمهت و وردبینی و پلانی خودی سەرۆک وەزیران کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە هات و نەیهێشت جارێکی دیکە قەیران و ڕووداوە جیهانییەکان خەڵكی هەرێمی کوردستان بێ هیوا بکەن.
ئیدی قەیرانەکانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت کۆتاییان هات و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهێزتر لە جاران بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای قەیرانەکان بەردەوام حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی نەناردنی بودجە و مووچەی فهرمانبهرانى کوردستان هەوڵی داوە ئاستەنگ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات و ناکۆکی سیاسی لە نێو ماڵی کورد قووڵتر بکاتەوە، بەڵام کابینەی نۆیەم پشوو درێژ و هەمیشە لە ڕێگەی دیالۆگهوه کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارە کردووە و هەر بەم سیاسەتە نەرمە هەموو هەوڵەکانی پەیوەست بە شکستپێهێنان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پووچەڵ کردووەتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بە پلانێکی ستراتیژییەوە هەنگاوی ناوه بەرەو بەهێزترکردنی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرجەم سێکتەرەکان هەنگاو و بەهەنگاو دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانى.
کەرتی ڕێگاوبان
کابینەی نۆیەم لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا 717 پرۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانی لە نێوان شار و شارۆچکە و گوندەکان، بە تێچووی زیاتر لە یەك تریلیۆن دینار ئەنجام دراوە.
ههر بەهۆی ئەو پرۆژانەی ڕێگاوبانهوه تەنیا لە کابینەی نۆیەم 2681 کیلۆمەتر ڕێگای نوێ دروست کراون.
ڕێگاکان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوه لە بەهێزکردنی جموجۆڵی ئابووری، بووژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری.
ئەمانە چەند نموونەیەکن لە ڕێگا ستراتیژییەکان کە لە کابینەی نۆدا تەواو کراون:
-ڕێگای هەولێر – دهۆك بە دریژایی 86 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 399 ملیار دینار.
-ڕێگای کەلار – کفری بە درێژایی 25 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 43 ملیار دینار.
-پردی دەربەندی ڕانیە بە درێژایی 400 مەترە و بە گوژمەی 12 ملیار دینار.
-ڕێگای سپیلك – خەلیفان بە درێژایی 8.5 کیلۆمەتر بە گوژمەی 64 ملیار دینار.
-تونێلی پیرمام درێژییەکەی 2.5 کیلۆمەترە و گوژمەکەی 189 ملیار دینار.
هەروەها هەریەک لە ڕێگاکانی کەلار – دەربەندیخان، ڕێگا و پردی توقەقوت – هەڵەبجە – قلیجە، ڕێگای باعەدرێ ئیتیت، هەولێر – کۆیە، گۆمەسپان سماقووڵی و چەندین پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی كه کارکردن تیایاندا بەردەوامە و لە ئاییندەیەکی نزیكدا دەکەونە خزمەتى هاووڵاتییان.
-جگە لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار، چەندین پرۆژەی شەقامی ستراتیژی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دروست کراون کە ڕۆڵی زۆریان لە گەشەسەندنی شارەکان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان هەبووە، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە دوو هەزار پرۆژەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام بە گوژمەی نزیکەی دوو تریلیۆن دینار جێبەجێ کراون کە بەشێکیان پرۆژەی ستراتیژین وەك:
-دروستکردنی دوو قۆناغی شەقامی بازنەیی 150 مهترى هەولێر بە گوژمەی 780 ملیار دینار.
-تەواوکردنی دوا قۆناغی شەقامی 120 مەتری هەولێر بە گوژمەی 127 ملیار دینار.
-شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە گوژمەی 428 ملیار دینار کە ئێستا زیاتر لە 50%ـی کارەکانی تەواو بووە.
-دروستکردنی شەقامی بارزان لە دهۆك بە گوژمەی 75 ملیار دینار.
-سەرجەم ئەم ڕێگا و شەقامانە بە کوالێتییەکی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست کراون و سەرجەم پێویستییەکانی ئەندازەی هاتوچۆیان بۆ دابین کراوە.
ئاسایشی ئاو
هەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە جیهان، کەمی باران بارین و وشکەساڵی لە ساڵانی ڕابردوودا هاووڵاتییانی نیگەران کردبوو، له بێهیوابوونیان له بهرههمى كشتوكاڵى و وزه و ژیان بهگشتى، بەڵام ئەمە بەر لەوەی خەمی هاووڵاتییان بێت خەمی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بوو.
کابینەی نۆیهم بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەنگاوی ستراتیژی زۆری نا، لە ماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا بە گوژمەی 265 ملیار دینار 9 بەنداو دروست کران کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 250 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە و کارکردن لە ژمارەیەک بەنداوی دیکەی ستراتیژی بەردەوامە، هەروەها هەر لەم کابینەیەدا 23 پۆند دروست کراون و 58 پۆندی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
ئەم پڕۆژانە ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە بووژانەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری، ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، پاراستنی سامانی ماسی، ئاوی ژێرزەوی و هۆکارێک دەبن بۆ بەهێزترکردنی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها جگە لە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان چەندین پرۆژەی دیکەی ستراتیژی ئاو لە شار و شارۆچکەکان جێبەجێ کراون کە دیارترینیان پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای هەولێرە کە بۆ ماوەی 30 ساڵ کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر بە تەواوەتی بنبڕ دەکات.
هەروەها کابینەی نۆیەم سەرقاڵی جێبەجێکردنی هێڵی سێیەمی پرۆژەی ئاوی دووکان – سلێمانییە و بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی 25 ساڵ بە تەواوەتی کێشەی ئاو لە سلێمانی چارە دەبێت.
کارەبا
لەگەڵ دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکێك لە خەونە بەدی نەهاتووەکانی خەڵك هەبوونی کارەبایی 24 کاتژمێری بوو، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو نەتواندرابوو ئەم خەونە بەدی بهێندرێت بەڵام کابینەی نۆ ئەم خەونە دەکاتە ڕاستی و لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ئێستا زیاتر لە 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین بە نرخێکی گونجاو، لە کۆتایی ساڵی 2026ـیش سەرجەم هەرێمی کوردستان بە گوندە دوورەدەستەکانیشەوە دەبنە خاوەنی کارەبایەکی 24 کاتژمێری لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدا.
ئێستا بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی توانراوە زیاتر لە 2100 مۆلیدە بکوژێندرێتەوە.
لە پێناو دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری هەنگاوی ستراتیژی گرنگ نراون و ئێستا هەرێمی کوردستان ژێرخانێکی پتەوی لە کەرتی کارەبا هەیە.
لە هەرێمی کوردستان دەیان وێستگەی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن کە بە تێکڕا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 8140 مێگاوات کە تەنیا لە کابینەی نۆیەم لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێی کردوون یاخود تەواوی کردوون توانراوە 1840 مێگاوات کارەبا بۆسەر کۆی توانای ژێرخانی کارەبا زیاد بکرێت.
بازرگانی و پیشەسازی
یەکێك لە بنەماکانی ژێرخانی بەهێزبوونی کارگە و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆییە، لە هەرێمی کوردستان لە زۆر بەرهەمە و کاڵا ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی خۆبژێوی و بەشیکی زۆر لە بەرهەمی کارگەکان هەناردەی دەرەوە دەکرێن و ئاسانکاری زۆریش بۆ بازرگانان دەکرێت.
بۆ نموونە لە پیشەسازی ئاسن ئێستا لە هەرێمی کوردستان 12 کارگەی بەرهەمهێنانی شیش هەن کە بە تیکرا ساڵانە دەتوانن 3.5 ملیۆن تۆن شیش بەرهەم بهێنن لە کاتێکدا پێویستی ناوخۆ بە شیش ساڵانە 1.5 ملیۆن تۆنە و ئەو بڕەشی کە دەمێنێتەوە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت، ئەم پێشکەوتنە جگە لە گەیشتن پڕکردنەوەی 100%ـی پێداویستی ناوخۆ هاوکات زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاریش بەهۆی ئەم کارگانەوە ڕەخسێندراون بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا نزیکەی 5 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی کراوە، هەروەها ئێستا 4743 کارگە لە هەرێمی کوردستان هەن کە 1650 کارگەیان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە و دامەزراون، جگە لە مانە لە کۆی 38584 کۆمپانیا 11875 کۆمپانیا لە کابینەی نۆیەم دامەزراون و کاری بازرگانی ئەنجام دەدەن.
کشتوکاڵ
هەمەچەشنکردنی ئابووری یەکێك بوو لە سیاسەتەکانی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشووتر جووتیاران بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان لە سەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان دەکرد و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، بەڵام ئێستا جووتیاران خۆپیشاندان ناکەن و خۆشحاڵن بە ساخبوونەوەی بەرهەمەکانیان.
کابینەی نۆ هەنگاوی گرنگی بۆ سەقامگیری ئاسایشی خۆراك ناوە، بە جۆرێك لە ڕێگەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جقوتیاران چەندین سایلۆ و پەنکەری گەورەی دروست کردووە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 800 هەزار تۆن گەنمیان هەیە و ساڵانە ئەم گەنمەی کە جووتیاران ناتوانن پێشکەشی سایلۆ حکوومییەکانی بکەن بەهۆی دیاریکردنی بڕیکی کەم لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ئێستا ئەو گەنمە زیادەیە لە لایەن ئەم سایلۆیانە لە چوارچێوەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران وەردەگیرێن.
هەروەها بە پشتیوانیی حکوومەت بەرهەمەکانی هەنار، سێو، ترێ، سماق، تەحین، هەنگوین، قارچك و پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداو و ئەورووپا دەکرێن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هێندە پێداگربووە لەسەر بەهێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵی، کە وا یکردووە قەبارەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8%ـەوە بەرز ببێتەوە بۆ 10%ـی تیکڕای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا 30 هەزار خانووی پلاستیکی، 7 کارگەی بەرهەمی پەتاتە، 11 کارگەی جۆراوجۆری کشتوکاڵی و 101 کۆگای ساردکەرەوە دروست کراون کە هەزاران جووتیار و هاووڵاتی لێی سوودمەندبوونە.
ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی بەرهەمە پەلەوەرییەکان گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و تەنانەت بەشێكی زۆر لە بەرهەمە پەلەوەرییەکان هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن.
تەندروستی و دەرمان
لە هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەرامبەر پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا 31 نەخۆشخانەی گرنگ دروست دەکرێن کە 18ـەیان تەواو بوونە و کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییان و 13 نەخۆشخانەی دیکەش لە دروستکردندان، هەروەها بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانە کۆنەکان نۆژەن کراونەتەوە و هاوتەریبکراون لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان.
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 15 ملیۆن کەس سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و بەهۆی بەرزی کوالێتی چارەسەری و خزمەتگوزاری 85%ـی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان چارەسەریان پێشکەش دەکرێت.
لە پێناو نەهێشتنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ لە هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆ پڕۆژەی ستیکەری دەرمانی دەست پێکرد و ئێستا هیچ دەرمانێك بەبێ ستیکەی حکوومەت، لە دەرمانخانەکان نافرۆشرێت و لەم ستیکەرە نوێیەش لە ڕێگەی کیوئاڕ کۆدێکەوە سەرجەم زانیاری پێویست لەسەر دەرمانەکە و نرخەکەشی پێشکەش بە چارەخوازان دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بە هاووڵاتییان بدرێت لە سەلامەتی و کوالێتی دەرمانەکان. ئەم ستیکەرە تایبەتمەندییەکی ناوەزەی هەیە کە تەکنەلۆجیای نانۆی بۆ بەکار هێندراوە و ساختە ناکرێت.
هەژماری من و بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان
یەکێك لە هەنگاوە ستراتیژییە گرنگهکانی کابینەی نۆیەم، جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من بوو، ئەم پرۆژەیە شۆڕشێكی (شۆڕشی دارایی لە کوردستان ) لە کەرتی دارایی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بە تەواوەتی سیستەمی بانکی و دارایی لە هەرێمی کوردستان بردووەتە قۆناغێکی نوێ کە هاوتەریبە لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن و لە ئاییندەیەکی نزیکیش سەرجەم مووچەخۆرانی کوردستان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە مووچەکانیان وەردەگرن و سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان دەبینن.
هەروەها سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی کراوەتە ئەلیکترۆنی و کارئاسانی زۆر بۆ قوتابییان و کەسوکاری قوتابییان کراوە، جگە لەمە لە زۆربەی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کرداری بۆ بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان نراوە و ئێستا هاووڵاتییان لە ڕێگەی مۆبایلەکان و سیستەمە دیجیتاڵییەکان کاروبارەکانیان ڕایی دەکرێت هەروەها هەریمی کوردستان لە نێو جیهانی دیجیتاڵیدا لە رێگەی دۆمەینی دۆت کەی ئاڕ دی توانییویەتی شوێن پێی خۆی بکاتەوە.
گەشتیاری
کوردستان وڵاتی سروشت و چیاکانە، دیمەنە جوانەکانی دڵی گەشتیاران مەست دەکات و رۆژ دوای ڕۆژیش گەشتیاری زیاتر دێنە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی ستراتیژی هێنانی گەشتیارە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە کابینەی نۆیەمدا بە سەرمایەی زیاتر لە 7.5 ملیار دۆلار پرۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری جێبەجێ کراون و زۆرترین وەبەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان لە کەرت گەشتوگوزار ئەنجام دراوە. بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەت لە کۆتایی 2024ـدا زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ئەمەش 135% زیاترە لەو ڕێژە گەشتیارەی کە لە ساڵی 2018ـە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار شوێنی و بنکەی گەشتیاری هەن کە گەشتیاران دەتوانن لە کاتی گەشتیان بۆ هەرێمی کوردستان تیایدا بمێنەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش پڕۆژەی گەشتیاری گرنگ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
وەبەرهێنان
ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ هەرێمی کوردستان و هاندانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بەشێکن لەو دیدگا ستراتیژییەی سەرۆک وەزیران بۆ کوردستانێکی بەهێزتر.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 564 پرۆژەی گرنگی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 24 ملیار دۆلار جێبەجێ کراون و پشکی شێریش لە وەبەرهێنان بەر سێکتەرەکانی گەشتیاری، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی و کشتوکاڵی کەوتوون. بەهۆی پرۆژەکانی وەبەرهێنان زیاتر لە 120 هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕەخسێندراوە.
لە 20 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 74 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کراوە بە جۆرێك کە نزیکەی 33%ـی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم ئەنجام دراون.
هەروەها جگە لە ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان لە بواری پەرەپێدان بە سێکتەری نەوت و گاز، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە چەند کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی دوو گرێبەستی بە بەهای 110 ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی ئەنجام داوە.
خزمەتگوزاری گشتی
ڕەنگە زۆرێك لە هاووڵاتییان نەزانن، بەڵام لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە 150 قوتابخانە دروستکراون و نزیکەی 1700 قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە.
-ئەو پارەیەی کە هاووڵاتییان دەیدەن بە پارەی کارەبا کەمترە لە 25%ـی خەرجی کارەبا لەسەر حکوومەت.
-ساڵانە 1.03 ملیار مەتر سێجا ئاوی پاك بە گوژمەی 500 ملیار دینار بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت
-ساڵانە 2.5 ملیۆن تۆن زبڵ و خاشاك کۆدەکرێتەوە و بەردەوام شەقام و کۆڵانەکان بە پاکوخاوێنی دەپارێزرێن کە بەشێكە لە فەرهەنگ و کولتووری خەڵکی کوردستان.
پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەستەبەرکردنی ئاسایشێکی تۆکمە لەلایەن هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسەوە بەدی هاتوون و ئەم ئارامییە هۆکارێکی سەرەکی بووژانەوە و گەشانەوەی هەرێمی کوردستان بووە. سەرەرای دروستکردنی قەیرانی یەك لە دوای یەک بۆ هەرێمی کوردستان و بوونی هەڕەشە، بەڵام ستراتیژییەکی کارکردنی سەرۆک وەزیرانی خەڵك سەرجەم ئەم هەوڵانەی پووچەڵکردووەتەوە کە کار بۆ لاوازکردن و ڕاگرتنی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەندرێت.
لەم هەرێمە بچکۆلانەیە کە ساڵانە کەمتر لە 6%ـی بودجەی عێراق خەرج دەکات سەدان و هەزاران پرۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کردووە و گڕوتینى بە کاروانی ئاوەدانكردنهوه داوە، دەپرسین ئاخۆ ئەگەر قەیرانەکانی نەناردنی پشکی کوردستان لە لایەن عێراق، کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و ململانێ سیاسییەکان نەبووایە دەبوو ئيَستا کابینەی نۆ چیتری ئەنجام دابا!