هیندستان.. میهرەجانی ئاینیی ماها کومبە میلا بەڕێوە دەچێت

پێگەی سی ئێن ئێن، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 13 ی کانوونی دووەمی 2025، ملیۆنان حاجیی هیندۆس بۆ مەلەکردن لە ئاوە پیرۆزەکاندا دەگەنە ویلاتی ئۆتار برادیش، لە باکووری هیندستان.
چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی 400 ملیۆن حاجیی هیندۆس بەشداریی لە میهرەجانی ماها کومبە میلا، یان گۆزەی پیرۆز بکەن، کە شەش حەفتە دەخایەنێت.
پەیڕەوانی ئاینی هیندۆس، لە یەکاوی ڕووبارە پیرۆزەکانی جانج، یاموونا و ساراسواتیی ئەفسانەییدا، بۆ پاکبوونەوە و ڕەخسان لە گوناحەکانیان، خۆیان دەشۆن.
بنەمای میهرەجانی کومبە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی هیندۆسەکان لەبارەی شەڕی نێوان ئەهریمەنەکان و خواوەندەکان لەسەر گۆزەیەک کە ئیکسیری نەمریی تێدایە؛ لەکاتی شەڕەکەدا، چوار دڵۆپ لەو ئیکسیرە لە پرایا گراج و هاردیوار و ناشیک و ئۆجاینی ڕژانە سەر زەوی. هەر سێ ساڵ جارێک، یەکێک لەو شارانە میوانداریی میهرەجانەکە دەکات. هەر 12 ساڵ جارێکێکش میهرەجانەکە، ناوی (ماها)ی بۆ زیاد دەکرێت، کە مانای مەزنترین دەدات.
ساڵی 2017، یونسکۆ، میهرەجانەکەی وەک میراتێکی کوڵتووریی مرۆڤایەتیی ناماددیی، ناساند.
ناریندا موودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان و ڕابەری پارتی بەهاراتا جاناتا، داوای کردووە خەڵک لە هەموو جیهانەوە بەشداریی ئەم میهرەجانە بکەن.
