بۆ یەکەم جار قوتابیانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکانی خۆیان تاقیکردنەوەی وزاری دەکەن

تاقیکردنەوەی وزاری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کردووه‌، پێشتر لەو ناوچانە تاقیکردنەوەکانی وزاری نەدەکرا، قوتابییان ناچار دەبوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق بەشداریی بکەن، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجیی نەیاندەتوانی بچنە تاقیکردنەوەکان.

تاقیکردنەوەکانی ناوەندی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی مشتومڕێکی زۆر لەسەر چارەنووسیان و شوێنی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانیان دروست بوو، ئێستا کەسوکاریان هەست بە ئارامی دەکەن و ترسیان لە خەرجییەکان نییە، چونکە وڵاتەکە دووچاری قەیرانێکی دارایی خنکێنەر بووە، ئەمەش جگە لەو بارودۆخە دەروونییە خراپەی قوتابیان تووشی دەبن.

جاندا شێخۆ، قوتابی ناوەندی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، من تاقیکردنەوەی بەکالۆریەم هەبوو، لەبەشی زانستی دەخوێنم، زۆر باش بوو ئێمە لێرە تاقیکردنەوەمان کرد و نەچووینە شام، تاقیکردنەوەکانیش نە زۆر قورس بوون نە ئاسان بوون.

باوکی قوتابییەك سوپاسی ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی نوێی دیمەشق دەکات بۆ ئەو لێكگەیشتنەی بەم دواییانە سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان لەنێوانیاندا هەبووە.

عەلی عەلی، باوکی قوتابی گوتی: هەنگاوێکی باش بوو لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی نوێی سووریا هاتە کایەوە، چونکە منداڵان زۆر سەختیان دەبینی کە دەچوونە شام، خەرجی زۆر بوو، بەڵام ئەمڕۆ لێرە تاقیکردنەوەکان دەکرێن شتێکی زۆر باشە. 

باوکێکی دیکە دەڵێت، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەستکەوتە و خۆی نەیتوانیوە کوڕەکەی بنێرێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق، چونکە خەرجییەکەی زۆرە.

کەسوکاری قوتابییان لە ڕۆژئاوا ترسیان لەوە هەبوو ڕێگە بە منداڵەکانیان نەدرێت، کە لە هەردوو قۆناغی ناوەندی و سەرەتایین، لە شارەکانی خۆیان بەشداریی تاقیکردنەوەکان بکەن، بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی نوێی دیمەشق هەیە، بەڵام بە فشاری کەسوکاری قوتابییان و ڕێکخراوی یونیسیف، هەردوولا ڕێککەوتن لە ناوچە کوردییەکان تاقیکردنەوە بەڕێوەبچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment