بۆ یەكەمجار لە مێژوودا دێربی بادینان لە بەغدا بەڕێوە دەچێت

دوو یانەی كوردستانی گەیشتنە یاریی كۆتایی جامی عێراق

لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی عێراق، دوو نوێنەرەكەی بادینان شكستیان بۆ دوو گەورەترین و بەهێزترین یانەی عێراق هێنا، بۆ یەكەمجار دوو یانەی كوردستانی گەیشتنە یاریی كۆتایی جامی تۆپی پێی عێراق.
یانەكانی شورتە و قوە جەوییە بۆ رووبەڕبوونەوەی دوو یانەی بادینان روویانكردنە شارەكانی دهۆك و زاخۆ، هەردوو نوێنەرەكەی بەغدا بە شكستەوە گەڕانەوە پایتەختی عێراق.
دهۆك لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی، شكستی بە قوە جەوییە هێنا و بە ئەنجامی (3 ـ 1) گۆڵ یارییەكەی بردەوە و بلیتی یاریی كۆتایی جامی عێراقی بڕی، لەو یارییەدا هاروون ئەحمەد هەموو عێراقی سەرسام كرد گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد، كەریم دەروێشی هێرشبەری پیشەگەری لوبنانی دوو گۆڵەكەی دیكەی هەڵۆیەكانی بادینانی كرد.
لە یارییەكی دیكەیشدا، زاخۆ جارێكی دیكە بووە كابووسی یانەی شورتە و بۆ سێیەمجار لەم وەرزە شكستی بە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق هێنا، كە تێیدا زاخۆ بە لێدانی یەكلاكەرەوە شكستی بە شورتە هێنا و هاوشانی دهۆكی دراسێی بۆ یاریی كۆتایی جامی عێراق سەركەوت.

 

یارییەكە لە كام یاریگە دەكرێت؟
بڕیار یاریی كۆتایی جامی عێراق رۆژی چوارشەممەی داهاتوو كە دەكاتە 16ـی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، سەرچاوەیەكی نزیك لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە كوردستان24ـی راگەیاند یاریگەی فرەنسۆ هەریری بۆ بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی عێراق بەڕبژێری سەرەكی بوو، بەڵام كاتێك زانیان یاریگەی هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە، بژاردەی دووەمیان یاریگەی یانەی نەورۆز بوو، چونكە ئەم دوو یاریگەیەی هەرێمی كوردستان باشترین بژاردەن بۆ ئەوەی لەكاتی بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی عێراق یاریگە پڕبن لە هاندەر، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوانەی لەم دواییە لە نێوان هاندەرانی زاخۆ و نەورۆز روویدا، رەنگە بژاردەی دووەم كە یاریگەی زاخۆیە جێبەجێ نەكەن.
بژاردەی سێیەم، دەستنیشانكردنی یاریگەی شەعب یان یاریگەی زەورایە، ئەم دوو یاریگەیەش چیمەنەكانیان وەكو پێویست نین، بەڵام بە ناچاری رەنگە یەكێكیان بۆ یاریی كۆتایی جامی عێراق دەستنیشان بكرێت.
وەكو بژاردەیەكی لاواز، یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرەش لەسەر مێزی گفتوگۆی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق باس كراوە، بەڵام زەحمەتە رووبدات.