بەهای بیتکۆین گەیشتە سەرووی 120 هەزار دۆلار

بەهای دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و هێشتا پێشبینییەکان بە ئاراستەی زیاتر بەرزبوونەوەی بەهای ئەو دراوە دیجیتاڵییەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025،  بەهای دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین گەیشتە 122 هەزار دۆلاری ئەمەریکی، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی خۆیدا تۆماری کردووە.

بەرزبوونەوەی بەهای بیتکۆین پەیوەندی بە گەشبینیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە بۆ داهاتووی دراوە دیجیتاڵییەکان، هاوکات دەستپێکی "هەفتەی کریپتۆ" لە ئەمەریکا نزیکبووەتەوە کە دەبێتە پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دراوە دیجتاڵییەکان.

ئەم هەفتەیە ناونراوە هەفتەی کریپتۆ چوونکە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا سێ پڕۆژەیاسا پێشنیازکراون بۆ رێکخستنی ژێرخانی دراوە دیجیتاڵییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەکو یەدەگێکی باوەڕپێکراو.

شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەو یاسایانەش پەسەند نەکرێن کاریگەری ئەوتۆی نەرێنی لەسەر بیتکۆین نابێت، چوونکە تەنیا گفتوگۆکردن لەبارەی یاساکانەوە دەبێتە ئاماژەیەکی بەهێز بۆئەوەی لە داهاتوودا ئەمەریکا ڕێوشوێنی وا بگرێتەبەر کە لە بەرژەوەندی دراوە دیجیتاڵییەکاندا بێت.

پێش دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، بەهای بیتکۆین لەنێوان 60 تا 70 هەزار دۆلاردا بوو، ئێستا بەهاکەی بۆ نزیکەی دووهێندە بەرزبووەتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment