سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەداتە عێراق

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریی بە عێراق دەدات کە ئابووریەکەی لە مەترسیدایە و داهاتی تاک کەمە، زۆرترین کەسیش لە کەرتی گشتی کراوەتە مووچەخۆر، بەڵام بەرپرسانی عێراق ئەم مەترسیانە بەجددی وەرناگرن و لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردنی هێشتا بەردەوامن لە دامەزراندنی خەڵک.

پسپۆڕێکی ئابووری دەڵێت؛ بەرخۆری و تاکەسەرچاوەی داهات، گەورەترین مەترسین لەسەر ئابووری عێراق، لەهەرکاتێکدابێت ئەگەری هەرەسهێنانی ئابووریەکەی هەیە، کەرتی تایبەتیش بەتەواوی پشتگوێخراوە.

ئەو کێشە ئابووریانەی عێراق بەدەستیانەوە گرفتارە فرەچەشنن و دابەشبوون بەسەر ناوچەکاندا، جا لەشوێنە میلیەکاندا بێت یاخود بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان، کاریگەریشیان لەسەر ژیانی تاک هەیە، یەکێک لەوانە بێکاری یاخود هەژاریی و کەمی داهاتە، لە بازاڕی شۆریجەی بەغدا هەژاری یەکێکە لەکێشە هەرە گەورەکان و ژیانی هاووڵاتیانی قورس کردووە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش بەردەوامە لەپێدانی هۆشداریی لەسەر دۆخی ئابووری عێراق.

ئالا کەریم، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆخی ئابووریمان زۆر خراپە و کرێی کارکردن کەمە، هەندێکیشمان مووچەمان نیە و شتێک لەبازاڕدا دەبینین ناتوانین بیکڕین بەهۆی بێ پارەییەوە، تەنیا دەتوانین ئەو شتانە بکڕین کە هەرزانن، لەماوەی پێشوودا شتی زیاترم لە شۆریجە دەکڕی، بەڵام ئێستا ناتوانم وەکو جاران شت بکڕم.

ئەو هۆشداریانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بەرامبەر عێراق بڵاویکردوونەتەوە، بەلای پسپۆڕانی ئابوورییەوە ئاماژەن بۆ شکستی حکوومەت لە دۆزینەوەی جێگرەوەی نەوت و ئابووری بەرخۆر، پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانیش عێراق دەخاتە بەردەم قەیرانێکی ئابووری مەترسیدارەوە.

سەفوان قوسەی، ئابووریناس دەڵێت: هۆشدارییەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی زۆر مەترسیدارن و پێویستە بەرپرسانی عێراق بەجددی وەریگرن. گرنگە حکوومەت بەوردی لێکۆڵینەوە لە هۆشدارییەکان بکات، چونکە ڕاپۆرتەکە سەرنجی لەسەر کەمی داهاتی تاکی عێراقییە، وڵاتەکە ئێستا خەرجی زیاترە لەداهاتی ئەمەش مەترسیدارە، گرنگە تەنیا پشت بە بەرهەمی نەوتی نەبەستین و بەندەری فاو تەواو بکرێت بەزووترین کات، هەندێک داهاتی دیکەش هەیە عێراق دەتوانێت سوودیان لێوەرگرێت بۆ کەمکردنەوەی قەرزی ناوخۆیی.

تەنانەت لەگەڵ هۆشدارییەکانی سندووقی دراو نێودەوڵەتی و ئەگەری هەرەسهێنانی ئابووری عێراق بەهۆی سیاسەتی ئابووری هەڵە ولاوازی کەرتی تایبەت و پشتبەستن بە نەوت، هێشتا لایەنی سیاسی هەن قومار بەم ئابوورییەوە دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵکی زیاتر دادەمەزرێنن، ئەمەش مەترسی هەرە گەورەیە وەکو چاوێران باسی دەکەن.

 

 
Fly Erbil Advertisment