فرۆشی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە کەم بووەتەوە

هەرچەندە بانکی ناوەندیی عێراق، چەند مانگێکە ئامارەکانی فرۆشی دۆلار بڵاو ناکاتەوە، بەڵام دامەزراوەیەکی تایبەت ئاشکرای دەکات: فرۆشی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بۆ سێیەم مانگ کەمی کردووە، هەروەها بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی بازاڕەکانیش بەهای دۆلار لە دابەزین دایە.

دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و ڕاوێژی ئابووری ڕایگەیاند: فرۆشی دراوی بیانی لە مانگی حوزەیران تەنیا 5.7 ملیار دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی ئایار کە 6.5 ملیار بوو بە 15.5% دابەزینی تۆمار کردووە.

ئاشکراشی کرد: فرۆشی دۆلار بە شێوەی کاش بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە، بە چەشنێک بووە لە مانگی حوزەیران تەنیا 99 ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش فرۆشراوە، هاوکات لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ فرۆشی دۆلار لەم رێگەیە 1.4 ملیار دۆلار بووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە 21% دابەزیوە.

هۆکاری دابەزینی فرۆشی دۆلار بۆ ئەو دۆخە چەقبەستووەی بازاڕەکانی عێراق دەگەڕێتەوە، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دووچاری هاتووە و خواستی هاووڵاتییانیش بۆ کڕینی کاڵاکان کەم بووەتەوە.

بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار، بەهای دینار لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی ڕابردوو و 100 دۆلار بە 140 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوە کرا.

 
Fly Erbil Advertisment