وەزارەتی شارەوانی: وردبینی ناوی فەرمانبەران بۆ سوودمەندبوون لە پێدانی زەوی کۆتاییهات

وردبینی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوی تەواوی فەرمانبەران بۆ پێدانی زەوی کۆتاییهاتووە و زیاتر لە 480هەزار فەرمانبەر سوودمەند دەبن.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی وردبینی بۆ وەرگرتنی زەوی فەرمانبەران بەکۆتا هات، بەڵام ژمارەیەک ناوی دیکە ماوە و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

دەربارەی ئەو فۆڕمانەی گرفتیان هەبووە، سەربەست مەولوود، ئاماژەیدا، لە هەوڵدان چارەیان بکەن، گوتیشی: تاک و تەرا ماون، هەموویان چارە دەکرێن و سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.

هەروەها ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی زیاتر لە 480 هەزارە، ئێستاش تەواوی شارەوانییەکان لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاریی دەکەن، بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووز، لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، قۆناغی دووەمی تیروپشک 14 هەزار فەرمانبەر کرا، کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، هەروەها لە قۆناغی یەکەمدا، سێ هەزار پارجە زەوی دابەشکراو کۆی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری شاری هەولێر 60 هەزار فەرمانبەرن.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment