هەژاریی و خراپی دۆخی ئابووری لە عێراق، بووەتە دەرچەیەک بۆ تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ

عەلی عەبادی، سەرۆکی ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، سەرەڕای کەمبوونەوەی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هێشتان ئەو تاوانە بەهۆی هەژاریی و دۆخی خراپی ئابووری، ماوە و پێویستی بە هەوڵی جددی حکوومەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، عەلی عەبادی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هێشتان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەعێراق ماوە و کۆتایی نەهاتووە."

گوتیشی: ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئاشکرایان کردووە، عێراق هێشتا لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە لەم دۆسیەیەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەدەست پشێوی ئەمنی یان خراپی دۆخی ئابوورییەوە گرفتارن، ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ ئەم تاوانانە دەڕەخسێنێت.

عەلی عەبادی ئاماژەی بەوەش دا، "عێراق بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەردەوام دەبێتەوە کە پەیوەندییان بە هەژاریی و بێکاری و دۆخێکی خراپی ئابوورییەوە هەیە، ئامانەش هۆکاری سەرەکی ئەم تاوانانەن، کە بریتین لە سواڵکردن، لەشفرۆشی و بازرگانی نایاسایی بە ئەندامەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی گورچیلە."
شارەزایان پێیان وایە بەردەوامیی ئەم هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتیانە کەشێکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو دروست دەکات، کە دەستیان کردووە بە گرتنەبەری شێوازی مۆدێرن بۆ قۆزتنەوەی ئەو هەلانە، لەوانە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ ڕاکێشانی قوربانییەکان.

عەبادی باسی لەوەش کرد، "بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردانە بەتەنیا لە ڕێگەی یاساوە بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەری ڕاستەقینە هەیە وەک ڕەخساندنی هەلی کار و ڕێکخستنی هەڵمەتی هۆشیاری بۆ ڕێگریکردن لەم کارانە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ گەشەسەندنی لاواز و دابەشکردنی سامانی وڵات بە نایەکسانی، دیارترین هۆکارن بۆ دیاردەکانی سواڵکردنی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

 

 
Fly Erbil Advertisment