مێسی ژمارەیەکی پێوانەیی رۆناڵدۆ دەشکێنێت

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەکەمی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، ئەم رۆژانە دەدرەوشێتەوە و ئەو یاریزانە لە کۆی 7 یاری رابردووی یانەکەی، توانیویەتی لە 6 یاری دووانە بکات، هەروەها لیۆ ژمارەیەکی پێوانەیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەشکێنێت و خۆی بە تەنها دەبێتە خاوەنی ئەم ریکۆردە.
مێسی لە کۆی 7 یاری رابردووی یانەکەی، تەنها بەرامبەر سینسیناتی نەبێت کە ئەنجامی 0-3 تووشی دۆڕان بوون، لە کۆی شەش یاری دیکە دووانەی کردووە، واتە لەو شەش یارییە لە هەر یارییەک دوو گۆڵی تۆمار کردووە و ژمارەی گۆڵەکانیشی لە کاروانی وەرزشی، گەیاندە 874 گۆڵ.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەردەوام لەناو لاکێشەی سەوز کێبڕکێی ژمارە پێوانەییەکانیان کردووە، مێسی تاوەکو پێش یارییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20ـی تەمموزی 2025 بەرامبەر نیۆیۆرک رێد بولز 762 گۆڵی لەکاتی یارییەکان تۆمار کردبوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆش خاوەنی 763 گۆڵ بوو لە کاتی یاری.
ئەستێرە ئارجێنتیناییەکەی ئینتەر مەیامی لە دوایین یاری یانەکەی بەرامبەر نیۆیۆرک رێد بولز، دوو گۆڵی دیکەی بۆ یانەکەی کرد و کۆی گۆڵەکانی لە کاتی یارییەکە گەیاندە 764 گۆڵ و پێش رۆناڵدۆ کەوت. مێسی لە کۆی 874 گۆڵەکەی 110 گۆڵی بە لێدانی سزا بووە، هەروەها رۆناڵدۆ ئەو یاریزانەش لە کۆی 938 گۆڵ 175 گۆڵی بە لێدانی سزا بووە.