دوای چەندین ساڵ 100 دۆلار بەرانبەر 139 هەزار دینار دابەزی

گوتەبێژی بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، کەمی خواست لەسەر دۆلار هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی دۆلارە بەرانبەر دیناری عێراقی، پێشبینی دەکرێت زیاتر دابەزێت.

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چەند ڕۆژێکە نرخی دۆلار لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە دابەزینە، ئەمڕۆ دوای سێ ساڵ نرخی 100 دۆلار بەرانبەر 139 هەزار دیناری عێراقی دابەزی، پێشبینی دابەزینی زیاتری دۆلار دەکرێت بەرانبەر بە دیناری عێراقی.

گوتەبێژی بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر گوتیشی: هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی کەمبوونەوەی خواستە لەلایەن بازرگانان و هاووڵاتییانەوە.

پێشووتریش کەیفی خۆشناو بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران نرخی دۆلار گۆڕانکاری بەسەردێت و جێگیر نابێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment