سایلۆی هەولێر: ئەمساڵ زیاتر لە 121هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، کواڵێتی گەنمی ئەمساڵ زۆرباشە و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سنووری جووتیارانی سنووری دیبەگە و گوێڕ 26 هەزار تۆن بوو.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: لە 19ـی ئەم مانگەوە دەرگای سایلۆکان بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق داخران، لە سایلۆ هەولێر بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 121هەزار تۆن بوو، جێگای دڵخۆشیمان بوو، چونکە پێشبینیمان دەکرد 122 هەزار تۆن وەربگیرێت.
میران بەختیار گوتیشی: بڕی گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی سنووری دیبەگە و گوێڕ 26 هەزار تۆن بوو، کواڵێتی گەنمی ئەمساڵ بەگشتیی زۆرباشبوو.
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژە بە وە دە کات، ئێستا پرۆسەی ناردنی شایستەی دارایی جوتیاران دەست پێ دەکات، هەروەها ئەو گەنمەی لە گۆڕەپانەکانە پێویستە بەخێرایی بدرێتە ئاشەکان، کە زیاتر لە 45 هەزار تۆن گەنم دەبێت.
ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەرگیرا، بەپێی ئەو پلانەی حکوومەتی عێراق دیاری کردبوو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان.