هەنجیری تەق تەق پێگەیشتووە، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنجیر دیار نییە

ساڵانە لە شارۆچکەی تەق تەق فێستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەگوتەی کشتوکاڵی شارۆچکەکە هیچ وادەیەک دیار نییە بۆ بەڕێوەچوونی.

حاجی سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنجیر لە شارۆچکەی تەق تەق، بەهۆی نەناردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی عێراقی.

حاجی سەباح عوسمان، گوتیشی: تەق تەق بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەناوبانگە و بەشی زۆری بەرهەمەکانی وەرزی هاوین پێگەیشتوون، هەنجیریش چەند ڕۆژێکە پێگەیشتووە و دەنێردرێتە عەلوەی تەق تەق.

بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژانە 10 تاوەکوو 15 تۆن هەنجیر بەرهەم دێت، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕۆژێکدا بۆ نزیکەی 50 تۆن بەرزدەبێتەوە و هەناردەی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

بەگوتەی بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق، ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانی و زۆربوونی خۆڵبارین بەشی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کوالێتییان وەک ساڵانی ڕابردوو نەبووە، هەروەها باسی لەوە کرد ساڵی ڕابردوو لە مانگی ئاب ڕۆژانە بەرهەمی هەنجیر تاوەکوو 50 تۆن دەبوو.

لە چەند ساڵی ڕابردوو لە شارۆچکەی تەق تەق فێستیڤاڵی هەنجیر دەکرا، جوتیاران بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نمایش دەکرد و بە سەردانیکەرانیان دەفرۆشتەوە ، کە چەند جۆرێکن، هەنجیرەکانی ڕەیحانە، پاییزی، ڕەش و کێوی لە جۆرە دیارەکانی هەنجیری تەقتەق.

 
 
Fly Erbil Advertisment