پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە پارێزگای سنە بەرهەم بێت

مووسا ئارتن، سەرپەرشتی کۆمپانیای دانەوێڵە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی پارێزگای سنە، ڕایگەیاند: جووتیارانی پارێزگاکە ئەمساڵ 476 هەزار تۆن گەنمی زیادە لە پێداویستیی خۆیان ڕادەستی ناوەندەکانی کڕینی گەنم کردووە.
مووسا ئارتن، ڕۆژی پێنجشەممە، 24ی تەمموزی 2025، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بەهای گەنمی کڕدراوی لە پارێزگاکەدا بە 97 ملیار تومەن ڕاگەیاند و گوتی: لە کۆی گشتیی گەنمی کڕدراو لە پارێزگاکەدا، تا ئێستا 452 هەزار و 570 تۆن لە سیستەمی ناوەندەکانی کڕینی گەنم، تۆمار کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بە ڕێژەی گەنمی کڕدراو لە شارۆچکە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا کرد و گوتی: لە بیجاڕ 128 هەزار و 632 تۆن، سەقز 91 هەزار و 772 تۆن، قروە 89 هەزار و 598 تۆن و دێگولان 69 هەزار و 26 تۆن گەنمی زیادە لە پێداویستی جووتیاران ڕادەستی ناوەندەکانی کڕین کراون.
سەرپەرشتیی کۆمپانیای دانەوێڵە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی کوردستان هەروا گوتی: بڕی گەنمی کڕدراو لە شارۆچکەکانی کامیاران 42 هەزار و 622 تەن، دیواندەرە 37 هەزار و 71 تۆن، سنە 9 هەزار و 683 تۆن، بانە 3 هەزار و 754 تۆن، مەریوان 3 هەزار و 102 تۆن و سەوڵاوا 754 تۆن بووە.
مووسا ئارتن ڕایگەیاند "تا ئێستا 140 هەزار تۆن گەنمی زیادە لە پێداویستی بەکاربردنی پارێزگاکە بۆ پارێزگاکانی دیکەی وڵات لەوانە تاران، تەوريز ، ئەلبورز، قوم، ئەسفەهان، گەیلان، مازەندەران، یەزد و چوارمەحاڵ و بەختیاری نێردراوە."
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە پارێزگای سنە بەرهەم بێت کە نزیکەی 880 هەزار تۆن لەو گەنمە، ڕادەستی ناوەندەکانی کڕین بکرێت.