وەزارەتی نەوتی فیدراڵ: داهاتی نەوتی مانگی حوزەیران زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی فیدراڵ داهاتی هەناردەکردنی نەوتی مانگی حوزەیراندا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: بە هەناردەکردنی 98 ملیۆن و 882 هەزار و 613 بەرمیل نەوت، 6 ملیار و 698 ملیۆن و 21 هەزار دۆلاری دەستکەوتووە.

هەینی 25ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ داهاتی هەناردەکردنی نەوتی بۆ مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئاماری کۆتایی هەناردەکردنی کۆمپانیای(سۆمۆ)، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا،  98 ملیۆن و 882 هەزار و 613 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە داهاتەکەی زیاتر لە 6 ملیار و 698 ملیۆن و 21 هەزار دۆلار بووە.

بەپێی ئامارەکەش، ئەو نەوتەی لەڕێگەی کێڵگەکانی نەوتی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردەکراوە، 97 ملیۆن و 718 هەزار و 994 بەرمیل بووە، هاوکات لە کێڵگەی گەیارە 964 هەزار و 741 بەرمیل بووە، ئەو نەوتەی بۆ ئوردنیش هەناردەکراوە، 216 هەزار و 878 بەرمیل بووە.

پێشتر، کۆمپانیای سۆمۆ بڵاوی کردبووەوە، کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 زیاتر لە 600 ملیۆن بەرمیل بووە. داهاتی چوار مانگی نەوتیش زیاتر لە 27 ملیار دۆلار بووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کۆمپانیای سۆمۆ بڵاوی کردبووەوە کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا، 606 ملیۆن و 582 هەزار و 373 بەرمیل بووە، واتە ڕێژەکە بۆ هەرمانگێگ، 101 ملیۆن و 97 هەزار و 62 بەرمیل بووە.

لە ئامارەکەی سۆمۆدا هاتبوو"کۆی هەناردەکراوی کێڵگەکانی بەسرە و ناوەڕاست، لە بەندەرەکانی بەسرە، 590 ملیۆن و 262 هەزار و 866 بەرمیل بووە، هاوکات کۆی هەناردەکراوی نەوتی کێڵگەی گەیارە لە کەرکووک 5 ملیۆن و 692 هەزار و 331 بەرمیل بووە".

سۆمۆ ئاماژەی بەوەش کردوبوو "هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن لەم ماوەیەدا یەک ملیۆن و 866 هەزار و 194 بەرمیل بووە.

ڕوونیشی کردببووە، "داهاتی هەناردەکردن بۆ مانگەکانی ئادار، نیسان، ئایار و حوزەیران 27 ملیار دۆلار و 514 ملیۆن و 474 هەزار و 242 دۆلار بووە"