بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئیدارەی ڕاپەڕین سەدان هەلی کار بۆ کرێکاران ڕەخساوە
هاوین وەرزی پێگەیشتنی چەندین جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە، بەو هۆیەوە هەزاران کەس لەناو کێڵگە کشتوکاڵیەکان هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە و ڕۆژانە کاردەکەن، جووتیارێک دەڵێت: ڕۆژانە سەدان کرێکارمان هەیە، کارمان بۆ دەکەن و دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە.
هەریەک لەو کرێکارانە دوای نوێژی بەیانی نەخەوتوونەتەوە، خێزانەکانیان بەجێهێشتووە و ڕاستەخۆ بۆ کارکردن هاتوونەتە ناو کێڵگە کشتوکاڵیەکان، ئێستا هەزاران کرێکار، ڕۆژانە لەناو کێڵگە کشتوکاڵیەکان دەرفەتی کاریان دەست دەکەوێت، کارەکە ئاسان نیە بەڵام لەبەرانبەر کێشانی شەش کاتژمێر ڕەنج و ماندوبوون ئەوان دەستخستنی داهاتێکی ڕۆژانەیان هەڵبژاردووە.
زۆرینەی جووتیاران ئێستا وەبەرهێنان لەبواری کشتوکاڵدا دەکەن و ڕوبەرێکی فراوان بە جۆرێک یان زیاتر لە جۆرێک بەرهەمی کشتوکاڵی دادەچێنن، بۆ ئەوەش پێویستیان بە دەستی کارێکی زۆر هەیە.
کاوە قادر، جووتیار بە کوردستان24ـی گوت: 12 جووتیاری ناوچەی تەق تەقین هاتووین لێرە کشتوکاڵمان کردووە، بەهەموومان نزیکەی 600 کرێکارمان هەیە، کە کرێکارەکان لەدوای نوێژی بەیانی دەێنە سەرکارەکانیان.
هەرێمی کوردستان ڕووبەرێکی فراوان زەوی بەپیتی کشتوکاڵی هەیە، کشتوکاڵ وەک یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات پشتی پێ دەسترێ، ئەو کەرتە گرنگە جگە لە دابینکردنی پێداویستی بەروبوومی جۆراو خۆری کشتوکاڵی تا ئاستی خۆبژێوی و هەناردەکردنیش، هەزاران دەرفەتی کاریش دەرەخسێنێت.
نەرمین محەممەد، کرێکار دەڵێت: ئێمەش پێمان خۆشە لەماڵەوە دانیشین و خەریکی ماڵ و منداڵمان بین، بەڵام ئەو پارەیەی بە ئارەقەی نێوچەوانی خۆمان وەردەگرین زۆر ئاسودەین و زۆرخۆشە، سوپاس بۆ خوا کە کار هەیە.
کاروان قادری سەرکار باس لەوە دەکات، من دوو کۆمەڵە کرێکارم هەیە، کە گرووپێکیان لە کۆیەوە دێن و 15 کەسن، گرووپەکەی دیکەشمان 16 کرێکار دەبن لە کانی مارانەوە دێن، ئەو کرێکارانە تاوەکوو بەرهەمی لۆبیا بمینێت، هەموو ڕۆژ بۆ من کاردەکەن تاوەکوو مانگی ئەیلوول.
ئەگەر لە ڕابردوو لە گوندەکان هەرەوەز هەبووبێ و جووتیار کەمتر پەنای بۆ کرێکار بردبێ، ئێستا هەریەک لەو کوڕو کچانە، لەبری دانیشتن لەماڵەوە هاتوون لەبەرامبەر شەش کاتژمێر کارکردن داهاتێکی ڕۆژانە بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و دەستی ماندویان بخەنە سەر سکی تێریان.