ئیسرائیل لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە دابەش دەکات
ئیسرائیل ڕێگایەکی نوێ بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، ئەویش لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەبێت.
شەممە 26ـی تەممووزی 2025، بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە گوتی: ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ دابەشکردنی هاوکاری مرۆییەکان دەکرێنەوە.
ئاماژەشی دا، ئیسرائیل ڕێگەی نەداوە فڕۆکەی ئوردن و ئیماڕات هاوکارییەکان هەڵدەنە خوارەوە، بۆیە فڕۆکەکانی ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکانیان لە ئاسمانەوە هەڵداوەتە خوارەوە.
هاوکات هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕێگەی ئاسمانی و بە فڕۆکەوە هاوکارییە مرۆییەکان دەست پێدەکاتەوە. کە هاوکارییەکان لە 7 کاروان پێکدێن کە لە ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو پێکهاتووە.
باسی لەوەش کردووە، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کاروانێکی دیکەی خۆراک و دەرمان دەگەیندرێتە غەززە.
ئاماژەشی داوە، ڕێژەی بەرهەمێنانی ئاوییان لە کەرتەکە زیاد کردووە و ڕۆژانە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەوە ڕێڕەوەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەکرێنەوە و لە ئاسمانەوەش هاوکارییەکان هەڵدەدرێنە خوارەوە.