سەرکەوت کاڕەش: سەرجەم تیمەکانمان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین روو لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، نەیەنە دەرەوە.

یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، بە فەرمانی پارێزگاری هەولێر و دوای کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان، تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە تاوەکوو هێزی مرۆیی و پێداویستییەکان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لەبەردەستدا بن.

بە گوتەی سەرکەوت کاڕەش، بەپێی ئاگادارکردنەوەی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەم هەفتەیە بارانبارین بەردەوام دەبێت و بەتایبەت رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و چڕ سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا داوای لە هاووڵاتییان و شۆفێران کرد، بەتایبەت لەو دوو رۆژەدا کەمتر هاتوچۆ بکەن تا لە کاتی دروستبوونی ئاستەنگ لە شەقامەکاندا ئۆتۆمبێلەکانیان پەکی نەکەوێت و زیانیان پێ نەگات، هاوکات هۆشداریی دایە گوندنشینان و ئاژەڵدارانی دەرەوەی شار کە لە رووبار و کەندە سروشتییەکان و رێڕەوی ئاوی باران دوور بکەونەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، هەر کاتێک شەقامەکان بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە بگیرێن، تیمەکانی فریاگوزاری، شارەوانی، بەرگریی شارستانی و پۆلیس ناتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنەکان، بۆیە پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەکانەوە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی زیانەکان و گەیشتنی خێراتر بە لێقەوماوان.

سەبارەت بە رێکارەکانی پێشوەختەش، سەرکەوت کاڕەش روونی کردەوە کە هەفتەی رابردوو لە دیوانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی خۆپارێزی لە لافاو ئەنجام دراوە و لە سنووری هەولێریش زۆربەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکانی ناو شار پاک کراونەتەوە، هەروەها کەندە سروشتییەکان فراوان کراون و بەربەستەکانی بەردەمیان لا براون تاوەکوو ئاوی باران بەبێ گرفت تێپەڕ ببێت.