ئەمشەو پارێزگارێکی نوێ بۆ بەغدا هەڵدەبژێردرێت

بڕیارە ئەمشەو کێشمە کێشی سیاسی و ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری بەغدا کۆتایی بێت و، ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دەنگدانێکی ئاشکرا و کراوەدا لە نێوان دوو کاندیدا یەکلا بکرێتەوە، کە یەکێکیان کاندیدی کەسی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، ئەمشەو  لە نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی شارەکە بەڕێوە دەچێت.

دوو کاندید کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری بەغدا دەکەن، یەکێکیان عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کە کاندیدی تایبەت و کەسی نووری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسایە.

کاندیدەکەی دووەمیش ناوی حەیدەر موحانە و کێشمەکێشی پۆستەکە لە نێوان نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.

پێچەوانەی دەنگۆکان، کە گوایە کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە داخراوی و نهێنی دەبێت، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنەکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی و بە دەنگدانی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.

ئەمە لە کاتێکداییە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: عەبدولمتەلیب عەلەوی، پارێزگاری ئێستای بەغدا خانەنیشین دەبێت، بۆیە بە زووترین کات، دەبێت پارێزگارێکی نوێ دیاریی بکرێت.

هاوکات ئەمە جاری دووەمە کە پارێزگاری ئێستای بەغدا داوای خانەنیشینبوون بکات، پێشتر لە 3ـی تەمووزی 2025، داوای کردبوو، بۆ ماوەییەکی کاتیش حەیدەر موحان لە جێگەی دیاریی کرا، بەڵام ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و پارێزگاری نوێ بۆ شارەکە  دیاریی دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment