كۆرۆنا داھاتی بەشێك لە سەرمایەداران زیاد دەكات
بە ملیۆنان كەس لەو سەردەمی كۆرۆنادا بێكار ماونەتەوە

K24 - ھەولێر
بەھۆی كۆرۆناوە، بهشێك له سەرمایەداران ئەمەریكا بڕی 845 ملیار دۆلار بە دەستدەھێنن و لە بەرامبەریشدا نزیكەی 50 ملیۆن ئەمەریكی كارەكانیان لەدەستداوە.
توێژینەوەیەكی پەیمانگای ئەمەریكا ئاماژەیداوە، لەگەڵ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سامانی 643 ملیاردێر لە ئەمەریكا بەرێژەی 29% بەرزبووەوە، لە بەرامبەریشدا بە ملیۆنان كەس لە سەرانسەری جیھان كاركانیان لەدەستداوە.
ئاشكراشی دەكات، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و بەتایبەت لە مانگی ئاداردا، سامانی دەوڵەمەدانی ئەو وڵاتە بەبڕی 845 ملیار دۆلار زیادیكرد، ھەروەھا لەنێوان كانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەكو مانگی نیسان، لە كۆی 170 ملیاردێر لە ئەمەریكا، سامانی 34 یان بەدەیان ملیۆن دۆلار زیادیكرد، ئەوەش بەو مانایە دێت، كە سامانی ئەو چینە 2 ترلیۆن و 950 ملیار دۆلار زیادیكردووە و گەیشتووەتە 3 ترلیۆن و 800 ملیار دۆلار.
سەبارەت بە گەورەترین دەوڵەمەندانی ئەمەریكا كە زیاترین داھاتیان لەو ماوەیەدا بەدەستھێناوە، بریتین لە جێف بیزۆس دامەزرێنەری كۆمپانیای ئامازۆن، لەھەمان كاتیشدا دەوڵەمەندترین پیاوی جیھانە، لە ماوەی كانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەكو مانگی نیسان سامانەكەی بەبڕی نزیكەی 25 ملیار دۆلار زیادیكرد، ئەو زیادەیەش گەورەترە لە كۆی بەرھەمی ناوخۆیی وڵاتێكی وەك ھیندۆراس كە لە ساڵی 2018 گەیشتووەتە 23 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار .
ھەرچی ئیلۆن ماكسە دامەزرێنەری كۆمپانیای تێسلای تایبەت بە بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەنزیكەی 8 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 92 ملیار دۆلار.
ھاوكات سامانی مارك زۆگربێرگ دامەزرێنەری فەیسبووك بەرێژەی 84% زیادیكردووە و لە 45 ملیار دۆلارە بۆ 100 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
دەرباری سامانی بیل گیتس دامەزرێنەری مایكرۆسۆفت كە بەڵینی داوە نیوەی سامانەكەی پێشكەش بە كاری خێرخوازی بكات و ھەروەھا بڕی 8 ملیار دۆلار بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تەندروستی بكتا تاوەكو لە رێگەیەوە رووبەڕووی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوە، سامانەكەی بەرێژەی 16% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 116 ملیار دۆلار، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو پارەیەی كە لەسەر سامانی دەوڵەمەندان زیادیكردووە، كەچی بە ملیۆنان كەس لەو سەردەمی كۆرۆنادا بێكار ماونەتەوە.