لیڤەرپوول ئۆفەرێکی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی ئیساك ئامادە دەکات

"ئۆفەرە نوێیەکەی لیڤەرپوول بەشێوەیەك دەبێت ئەستەمە نیوکاسڵ بتوانێت رەتی بکاتەوە"

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ئۆفەرێکی نوێ بۆ گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیساکی سویدی پێشکەشی یانەی نیوکاسڵ دەکات.

رێدز ماوەیەکی زۆرە بە نیازی گواستنەوەی هێرشبەرە سوویدییەکەیە بەڵام چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی لویس دیازی دەکرد.

رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بواری گواستنەوەی یاریزانان، فابریزۆ رۆمانۆ دەڵێت: لیڤەرپوول گرێبەستێکی گەورەی بۆ گواستنەوەی ئیساك ئامادەکردووە و چاوەڕێی پەیوەندیکردنی دیازە بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.

فابریزۆ ئاماژەی بەوە کردووە: ئیساك بە جۆش و خرۆشە بۆ پەیوەندیکردن بە لیڤەرپوولەوە، تەنانەت هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ یانە سعوودییەکان رەتکردووەتەوە، ئەو تەنیا رێدزی دەوێت.

ئەو رۆژنامەنووسە پسپۆڕە روونکردنەوەی زیاتری داوە و نووسیویەتی: بڕیاری گواستنەوەی یاریزانەکە بەدەست نیوکاسڵە، لیڤەرپووڵ چاوەڕێی وەڵام دەکات و ئامادەیە ئۆفەرێکی خەیاڵی و پێوانەیی لە پێناو بەدەستهێنانی ئالێکساندەر بدات.

یانەی لیڤەرپوول و بایرن میوشن بۆ گواستنەوەی لویس دیاز بە 75 ملیۆن یۆرۆ گەیشتتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکەی ماوە.

هێرشبەرە کۆڵۆمبییەکە ئەمڕۆ دەگاتە میونشن و پشکنینە پزیشکییەکان ئەنجامدادەت، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو بە فەرمی گرێبەستەکەی واژۆ دەکات.

ئالێکساندەر ئیساكی سویدی تەمەنی 25 ساڵە و لە 2022 لە ریاڵ سۆسیدادەوە بە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوکاسڵ کردووە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment