زانکۆی سەلاحەددین بەشێکی نوێ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان دەکاتەوە

 کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، بەشێکی نوێ بەناوی 'گوتارخوێنی و ڕاگەیاندنی ئاینی' لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکاتەوە، بۆئەوەی گوتار و ڕاگەیەنراوە ئاینییەکان بەشێوازێکی زانستی بە هاووڵاتیان بگەیەنرێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی وەردەگیرێن نابێت تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاتر بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، پرۆفیسۆر دکتۆر جەمیل سورچی، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی کەسانێکی شارەزا و پڕ زانیاری دروست بکەین، کە گوتار و ڕێنمایی ئاینی پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن، بۆیە ئەم بەشەمان کردووەتەوە، ئەمەش دوای بەدواداچوونێکی ورد کە بۆمان دەرکەوت پێویستە خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ گوتاری ئاینی لە هەرێمی کوردستان بکرێت، دەبێت گوتارخوێنانی ڕۆژی هەینی، بەشێوازێکی زانستی خەڵکی ڕێنوێنی بکەن.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسانەی لە تیڤی و ڕادیۆکاندا گوتاری ئاینی پێشکەش دەکەن یاخود مامۆستاکانی ئێستا لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پەیامەکانیان دەگەیەنن، دەبێت زۆر بە وردی گرنگی بەم بابەتە بدەن و ئەم بەشە بۆ بەرژەوەندی ئەوان کراوەتەوە، کە دەبێت گوتارەکانیان میانەڕە و دوور لە تووندوتیژی بێت.

جەمیل سورچی  گوتیشی: هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ لەم بەشە وەردەگیرێن، زیاتر ئەم بەشە بوار بە مامۆستایانی ئاینی دەدات کە بەشێوازێکی زانستی پێبگەن، چونکە 60%ـی ئەوانەی وەردەگیرێن دەرچووی قوتابخانەی ئاینی و پەیمانگەی ئەزهەر و پەیمانگەی پێشنوێژو گوتارخوێنانی سەر بە وەزارەتی ئەوقافن، هەروەها لە 40%ـی دەرچووی بەشەکانی وێژەیی و زانستی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن.

ئاشکراشی کرد، کە مەرجەکانمان بڵاو کردەوە، ئەو کەسانەی ئارەزوو ئەم بەشە دەکەن، دەبێت سەردانی کۆلیژەکەمان بکەن دوای چاوپێکەوتن فۆڕمی پڕکردنەوەی زانیارییەکانیان پێدەدەین.