ئەحمەد گەل: ژمارەی قوتابیان زیادی کردووە و میلاکی مامۆستاش کەمبووەتەوە
بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی ئامادەیی و پیشەییەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند: ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکی بنەڕەتی ناونووس دەکرێن، لە بەرانبەردا ژمارەی مامۆستا کەمتر دەبنەوە بەهۆی خانەنشین بوون و دانەمەزراندنی وانەبێژ و گرێبەست.
ئەحمەد گەل، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی ئامادەیی و پیشەییەکانی وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەزارەتی پەروەردە چەند بنەما و ڕێکار و ڕێنماییەکی دیاریکردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەمساڵ کە دێنە بەردەم پرۆسەی خوێندن، دەڵێت: خانەنشینی زۆر هەبوون و مامۆستای وانەبێژ و گرێبەستیش ئێستا دانامەزرێن، گوتێ ڕێنماییمان بە پەروەردەکان داوە میلاکی خۆیان ڕێک بخەنەوە، هەر مامۆستایەک مۆڵەت وەربگرێت، بۆشایی دروست دەکات، بۆیە پەروەردەکان بەر لەوەی کێشەیان بۆ دروست بێت، دەبێت بیر لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکە بکەنەوە.
ئەحمەد گەل دەڵێت: ئەمساڵ ڕێنمایی مۆڵەتی بێ مووچە دەرچووە، مامۆستا مافی هەیە، ساڵێک بۆ دوو ساڵ مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام دەبێت فۆرمێک پڕ بکاتەوە، بەپێی فۆرمەکە، نابێت بە مۆڵەتکردنی بێ مووچەی مامۆستاکە، بۆشایی دروست بێت.
لەبارەی ئەو مامۆستایانەشی لە دەرەوەی وڵاتن و مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی ئامادەیی و پیشەییەکانی وەزارەتی پەروەردە گوتی: دەتوانن لەڕێگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکانیان بکەن، بەڵام پێویستە ساڵێکیان مابێت کاتێک داوای درێژکردنەوە دەکەن.
دەشڵێت: ستراتیژیەتی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە، نابێت ئەمساڵ هیچ خوێندنگەیەک کێشەی کەمی مامۆستای هەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی ئامادەیی و پیشەییەکانی وەزارەتی پەروەردەدەڵێت: فەرمانبەرانی پەروەردە دەتوانن پێنج ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن، بەپێچەوانەی مامۆستا کە دەتوانێت تەنها دوو ساڵ مۆڵەت وەربگرێت، هەوڵمانداوە ساڵانی مۆڵەتی بێ مووچە بە خزمەت هەژمار بکرێت.
گوتی: گرفتی کەمی مامۆستامان هەیە لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەی قوتابیان زیاد دەکەن کە نزیکەی 100 هەزار قوتابی پۆلی یەکەم ناونووس دەکرێن، پێویستی زیاترمان بە ژمارەی مامۆستا هەیە، لەبەر ئەوەی بارودۆخی کوردستانیش وایە، ناتوانین بە ئاسانی دەستکاری مامۆستا بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕۆژی دەرچوونی ڕێکارەکان، لە 24ـی تەممووز بۆ 25ـی ئاب، دەبێت میلاک ڕێکخرابێت، هاوکات ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی داوای مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە، داواکەیان بەرزکرابێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین فەرمانەکەیان بۆ بەرزبکەینەوە، ئەوانەی کە فەرمانیشیان بۆ دەردەچێت، پێویستە لەماوەی 10 ڕۆژدا، دەستلەکار هەڵگرتنیان بۆ بکرێت.