فێرناندۆ تۆرێس ده‌گه‌ڕێته‌وه ئاتڵێتیكۆ مه‌درید
له رێگه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌دریده‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه یاریگه‌كان

به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا فێرناندۆ تۆرێس ده‌گه‌ڕێته‌وه ئاتڵێتیكۆ مه‌درید و وه‌كو ستافی راهێنه‌ران ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
فێرناندۆ تۆرێسی ته‌مه‌ن 36 ساڵان هاوینی رابردوو له خولی ژاپۆنییه‌وه بڕیاری وازهێنانی له یاریكردن دا، دوای ساڵێك پشوو ده‌یه‌وێت روو له كاری راهێنه‌رایه‌تی بكات و بگه‌ڕێته‌وه یانه كۆنه‌كه‌ی.
پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا، ئاشكرای كردووه كه فێرناندۆ تۆرێس ده‌بێته یاریده‌ده‌ری ریكی ئالۆنسۆی راهێنه‌ری تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید.
تۆرێس كه به نینۆ ناسراوه هه‌فته‌ی رابردوو خولی راهێنه‌رایه‌تی تێپه‌ڕ كردووه و ده‌توانێت روو له كاری راهێنه‌رایه‌تی بكات.
فێرناندۆ تۆرێس له ئه‌كادیمیای یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید وه‌كو یاریزان پێگه‌یشتووه، زۆرترین یاری به‌درێسی ئه‌و یانه‌یه كردووه، له كۆی 351 یاری 121 گۆڵ و 16 ئاسیستی كردووه، دواتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی چێڵسی نازناوی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگی به‌ده‌ستهێناوه، یاری بۆ یانه‌كانی لیڤه‌رپوول و ئه‌یسی میلانیش كردووه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیاش جامی جیهانی 2010ـی بردووه‌ته‌وه و دووجاریش له‌گه‌ڵ ماتادۆره‌كان بووه‌ته پاڵه‌وانی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا.