وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی لە پرۆگرامی خوێندن دەکات

بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکات، ئەمساڵ گەورەترین گۆڕانکارییان لە پرۆگرامەکانی خوێندن کردووە؛ دهشڵێت، گۆڕانكارییهكه گەورەترینه له بواری پەروەردە و فێرکردن لەسهر ئاستی عێراق.
حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ گۆڕانکاری زۆر لە پرۆگرامی خوێندن کراوە لە قۆناغی باخچەی ساوایان تا دەگاتە قۆناغی پۆلی 12ـی ئامادەیی.
حەسەن سەرتیپ گوتیشی: گۆڕانکارییەکان بەجۆرێکن یەکەمجارە لە مێژوویی وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی بەمشێوەیە بکرێت، تەنانەت گەورەترین گۆڕانکارییە لە هەموو عێراق لە پرۆسەی خوێندندا.
بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانکارییەکان لە قۆناغی باخچەی ساوایان بۆ هەر وەرزێک کتێبێک دەبێت لەگەڵ ڕێبەری مامۆستا، بە جۆرێک منداڵ فێری خۆشەویستی نیشتیمان و پاکڕاگرتنی ژینگە و ئاژەڵدۆستی و چەندین بابەتی دیکەی مرۆیی لەخۆ دەگرێت، هەر منداڵێکیش ڕۆژێک ئامادەنەبوو وانەکان هەمووی لەڕێگەی ڤیدیۆییەوە تۆمار دەکرێن و کارئاسانی زۆریان بۆ دەکرێت و دەتوانێت لە وانەکان سوودمەند بێت، بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ لە 50 باخچەی ساوایان پەیڕەو دەکرێت و بۆ خوێندنی ساڵی 2026-2027 لە تەواوی باخچەی ساوایان پەیڕەو دەکرێت.
هەروەها باسی لەوە کرد، لە قۆناغی بنەڕەتییەوە زۆربەی وانەکان گۆڕانکارییان تێدا کراوە، لە پۆلی 10 و 11 و 12 ئامادەیی بە ههردوو لقی وێژەیی و زانستی وانەکان گۆڕاون، هەروەها وانەکانی مێژوو و جوگرافیا و ئابووریی گۆڕانکاری زۆریان لێ کراوە.
حەسەن سەرتیپ دەشڵێت: دوو کتێبی نوێی دەروونزانی بۆ قۆناغی ئامادەیی چاپ کراون، بە جۆرێک بابەتەکانی پەیوەست بە هەرزەکاران گرنگی زۆری پێدراوە و مامۆستا دەچێتە قووڵایی بابەتەکانی وەک، سزاکانی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لە هاککردن و کێشەی کۆمەڵایەتییە هەنووکەییەکان و چەندین بابەتی دیکەی سەردەم باسی لێ کراوە.
دەربارەی وانەی وەرزش و هونەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە گوتی: پشکی هەردوو وانەکان زیاد کراوە، هەوڵ دەدەین هەموو ڕۆژێک وانەی هونەر یان وەرزش بخوێندرێت، بۆ ئەوەی کەشێکی سەقامگیر و پڕ له خۆشەویستی بۆ قوتابی فەراهەم بکەین، تەنانەت بەشێوەی کتێب و پرۆگرام هەردوو وانەکان دەخوێندرێن، قوتابی بەشێوەی کرداری فێری شانۆ و شێوەکاری و میوزیک دەکرێت، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژوویی وەزارەتی پەروەردەی پەیڕەو بکرێت.
زیاتر گوتی: 600 ڕاهێنەری ئامادەکراو لە وەزارەتی پەروەردە هەن و لە مانگی ئاب لە سەرجەم قوتابخانەکان ڕاهێنان بە مامۆستاکان دەکەن بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە کتێبەکاندا کراون.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چیتر سێ دەوامی لە قوتابخانەکان نامێنێت و هەوڵی زۆر دەدەن بۆ نەهێشتنی دوو دەوامی لە قوتابخانەکان، لەم کابینەیە ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکان لە دوو دەوامی بۆ یەک دەوامی کەم کراونەتەوە.
دەربارەی زیادکردنی وانەی ژیری دەستکرد لە نێو پرۆگرامی خوێندن، حەسەن سەرتیپ جەختی لەوە کردەوە، ئامادەکاری دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو لەنێو پرۆگرامەکان زیاد بکەن، بەڵام بۆ ئەمساڵ نەیانتوانیوه، هەرچەندە تەواوی گۆڕانکارییەکان لەلایەن مامۆستایی خۆمان بووە.
ئەمساڵ نزیکەی 50 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان سوودمەندن لە دەستپێشخەری قوتابخانەی دیجیتاڵی، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنێک لەنێوان حکوومەتی هەرێم و ئیمارات بۆ سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا لەنێو قوتابخانەکان.