تا یەکشەممە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراک بەردەوام دەبێت
بەڕێوەبەرایەتی پسوولەی خۆراک لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت: وەزارەتی بازرگانی عێراق وادەی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراکی درێژنەکردووەتەوە، بەڵام بەرنامەکە چالاکە و هاووڵاتییان دەتوانن بچنە نێو سیستەمە.
هەینی 1ـی ئابی 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داوایان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە دوو هەفتە وادەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک درێژ بکەنەوە، بەڵام بەو داوایە ڕازی نەبوون.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگەداری هاووڵاتییانی کردەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق وادەی درێژکردنەوەی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی درێژ نەکردووەتەوە، بەڵام تاکوو ڕۆژی یەکشەممە بەرنامەکە چالاکە و دەتوانن بچنە نێو سیستەمەکە.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت: ئەوانەی تاکوو ئەمڕۆ خۆیان لەپرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تۆمار نەکردووە، با بەزووترین کات ناوی خۆیان و خانەوادەکەیان تۆماربکەن.
ڕۆژی 01ـی حوزەیرانی 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، سەرەتا پێنج ڕۆژ بە شێوەی ئەزموونی بوو، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد و ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بارزگانی، پێشتر پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەس لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پسوولەی خۆراکیان هەبوو و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، چوار ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەسیان پسوولەکانیان کردووەتە ئەلیکترۆنی کە دەکاتە نزیکەی 81%.
بە گوێرەی ئامارەکان، زۆرترین پسوولەی خۆراک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە ڕێژەی (87%) و کەمترینیشی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی (76%) کراونەتە ئەلیکترۆنی.
ئاماری بە ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراک بە پێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
هەولێر: یەک ملیۆن و 656 هەزار و 633 کەس (83%)
سلێمانی: یەک ملیۆن و 609 هەزار و 358 کەس (82%)
دهۆک: یەک ملیۆن و 361 کەس (76%)
هەڵەبجە: 99 هەزار و 537 کەس (87%)
کۆی گشتی: چوار ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەس (81%)