سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: لەماوەی سێ ساڵدا پرۆژەی دەشتی بەهەشت تەواو دەکرێت
دەستەی وەبەرهێنان تەواوکردنی پرۆژی نیشتەجێی دەشتی بەهەشت بە وەبەرهێنەرێکی نوێ دەدات و سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت: ڕەزامەندی و ڕێکارەکانی پێدانی پرۆژەکە بە کۆمپانیای نوێی جێبەجێکار، تەواو بووە و بەم نزیکانە ناوی کۆمپانیاکەش بڵاو دەکەینەوە.
ڕۆژی هەینی، 1ـی ئابی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا ناوی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی دەشتی بەهەشت ڕادەگەیەنین، ئێستا هەموو ڕێکارەکان کۆتایی هاتووە، هاوکات ماوەی دوو بۆ سێ ساڵمان بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار داناوە تاوەکو پرۆژەکە تەواو بکات و ڕادەستی خاوەن یەکە نیشتەجێیەکان بکرێت.
گووتیشی: ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا پرۆژەکە تەواو نەکرێت، قەرەبووی پێویستی کڕیارانی ڕاستەقینەی ئەو پرۆژەیە دەکرێتەوە.
پڕۆژەی دەشتى بەهەشت، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی هەولێر بەرانبەر شارەدێی کەسنەزان، پرۆژەکە لە 427 ڤێلا و هەزار و 122 شووقە پێکهاتووە، لە ساڵی 2010 لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە دەست بە دروستکردنی کرا و بڕیار بوو ساڵی 2013 تەواو بکرێت، بەڵام وەبەرهێنەرەکە، کە ناوی ڕوشدی سەعیدە، پڕۆژەکەی جێهێشت و تاوەکو ئێستاش گرفت لە تەواوبوونی پرۆژەکە هەیە.
هاوکات لە 11ـی ئاداری 2023، بەپێی ماددەی 459 لە یاسای سزادانی عێراقی، ڕوشدی سەعید ناسراو بە دکتۆر ڕوشدی لە کەرکووک دەستگیرکرا و دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، ڕەوانەی دادگای هەولێر کرا.