وەزارەتی پەروەردە قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە

هۆڵێکی تاقیکردنەوەی قوتابییان
هۆڵێکی تاقیکردنەوەی قوتابییان

لیژنەى باڵاى تاقیکردنەوە گشتییەکان ڕایگەیاند، 23ـی ئەم مانگە تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەرێوە دەچێت، بۆیە قوتابیان دەبێت پێش ئەم وادەیە سەردانی شوێنی تاقیکردنەوەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە.

شەممە، 2ـی ئابی 2025، لیژنەى باڵاى تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سەرجەم ئەو قوتابیانەی پۆلی 12ـی ئامادەیی کە تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان ماوە ئاگادار دەکەینەوە، بەپێى پارێزگاکان و قوتابخانەکانی خۆیان دەتوانن شوێن و هۆڵى  تاقیکردنەوەکانیان لە ڕێگەی ئەم لینکە ئەلیکترۆنیەوە بزانن.

ئاماژەی بەوەش داوە، دەبێت قوتابیان ڕۆژێک پێش ئەنجامدانى یەکەم تاقیکردنەوە کە لە 23-8-2025، لە کاتژمێر 7:30ـى خولەکی بەیانی ئەنجام دەدرێت، سەردانی قوتابخانەکانی خۆیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە شوێنی هۆڵی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەکاتی بوونی هەڵە لە بابەتی ماوە یان هەر زانیاریەکی دیکە تایبەت بەقوتابی پێویستە بەزووترین کات پەروەردەی خۆی لێ ئاگاداربکاتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کیشەکەیان.

چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، د. سامان سوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندنی 2024-2025، 115 هەزار و 787 قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانیان کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتیشی: ئەو 115هەزار و 787 قوتابییە، دابەش ببوون بەسەر دوو هەزار و17 هۆڵدا لە تەواوی هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment