دوای 11 ساڵ هێشتا 40% ڕفێندراوانی ئێزدی ماون ڕزگار بکرێن
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی ئێزدییەکان ڕایگەیاند، لە 3ـی ئابی 2014 لە کاتی هێرشەکە داعش بۆ سەر شنگال، زیاتر لە شەش هەزار ئێزدییان ڕفاند، کە تاوەکوو ئێستا نزیکەی %40 ڕفێندراوە ئێزدییەکان ماون ڕزگار بکرێن.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی ئێزدییەکان بە کوردستان24ـی گوت: بەگوێرەی ئامارەکانی نووسینگەکەمان، نزیکەی شەش هەزار و 417 ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون، کە دوو هەزار و 554 کەسی دیکە هێشتا ماون لە دەستی ئەو ڕێکخراوە ڕزگار بکرێن.
لە بارەی ئازاد کردنی ئێزدییەکان لە دەستی داعش باسی لەوە کرد، ناتوانن بۆ میدیاکان باس لە ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئەو ڕفێندراوانە بکەن، بەڵام لە ڕێگەی ئەندامەکانمان هەوڵ دەدرێت پەیوەندییان پێوە بکرێت، بۆ ئەوەی شوێنییان ئاشکرا بکرێت و تیمێکی نووسینگە بۆ ڕزگارکردنییان بنێردرێت.
ئاماژەشی دا، بەر لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕفێندراوەکە و ئازادکردنی، بەدواداچوون خۆیان لەبارەی کەسەکە دەکەن.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی ئێزدییەکان لە زاری یەکێک لە ڕفێندراوەکان باس لە دڕندەیی چەکدارانی داعش دەکات و گوتی: ئافرەتێک لەگەڵ منداڵەکەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون، دوای بێبەشکردنیان لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە ژەمە خواردنێکی گۆشتیان بە ئافرەتەکە داوە و دوای خواردنی بە ئافرەتەکەیان گوتووە، ئەوا گۆشتی منداڵەکەت بووە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دڕندایەتی و کارە تیرۆریستییە و نا مرۆییەکانی داعش کۆتایی ناهێن، هەموو کارێکی خراپی نا مرۆیی وەک، کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کارە دڕندەییەکانی دیکەیان کردووە.