نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی هەولێر جێگیرە

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی چلەی ئیمام حوسێن بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان کز دەبێت، بەڵام بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاژەڵانی هەولێر ئەمساڵ بازاڕەکە گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە.
محیەدین خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: جموجۆڵی مەیدانی ئاژەڵان جێگیرە و کڕین و فرۆشتن زۆرباشە، بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، ئەمەش بەهۆی هەرزانی گەنم و کا و ئالیک.
ئەندامی ئەنجوومەنی ئاژەڵانی مەیدانی هەولێر گوتیشی: ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری کاوڕ لە مەیدانی هەولێرەوە دەچێتە پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بەشێوەیەکی گشتیی لە حەوت هەزار تاوەکوو 10 هەزار سەر کاوڕ دەڕوات.
محیەدین خەیلانی ئاماژە بەوە دەکات، تۆنی گەنم بە 420 هەزار دینار و جووتی فەردەی کا بە سێ هەزار دینارە، سەرەڕای ئەمەش نرخی ئالیک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
دەربارەی نزیکبوونەوەی چلەی ئیمام حوسێن و کاریگەری لەسەر بازاڕی ئاژەڵان، محیەدین خەیلانی باسی لەوە کرد، لە ساڵانی ڕابردوو کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی جموجۆڵی کڕین و فرۆشنی هەبوو، بەڵام ئەمساڵ هیچ کاریگەرییەکی نەبووە.
نرخی ئاژەڵەکان لە مەیدانی هەولێر بەمشێوەیە:
مەڕ: کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە
کاوڕ: کیلۆی بە حەوت هەزار دینارە
بەرخ: کیلۆی بە هەشت هەزار دینارە
بزن: کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە
گۆلکی دابەستی: کیلۆی بە شەش هەزار دینارە.