سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی: ڕۆڵمان لە بنیاتنانی کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە

مووسا ئەحمەد، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی
مووسا ئەحمەد، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبن لە کارە خێرخوازییەکانیان و هاوکاریکردنی هەژاران و لێقەوماوان. دەشڵێت: ڕۆڵمان لە بنیاتنانی کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە.

دەزگای خێرخوازی بارزانی کە لە ساڵی 2005 دامەزراوە، لە زیاتر لە هەشت بەشی سەرەکی پێکدێت. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا رۆڵێکی باڵای مرۆیی گێڕاوە، پشتیوانی لە زیانلێکەوتوانی کارەساتە سرووشتییەکان و هەروەها دانیشتووانی ئەو ناوچانە کردووە کە ڕووبەڕووی قەیرانی جۆراوجۆر بوونەتەوە.

 دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاریی پێشکەشی سەدان کەمپی پەنابەران و ئاوارەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و  وڵاتانی دیکە کردووە. لەو ماوەیەشدا پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ چەندین رێکخراوی بەخشەرو مرۆیی نێودەوڵەتی دروستکردووە. هاوکات مۆڵەتی کارکردنی لە وڵاتانی دیکەش هەیە بەوپێیە بە گوێرەی ڕێنمایی و ستاندەرە نێودەوڵەتییەکان وەک تۆڕێکی بەخشەری مرۆیی کار دەکات.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 04ـی ئابی 2025، مووسا ئەحمەد، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، ڕایگەیاند "ڕۆڵمان لە بنیاتنانی کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە؛ پێش ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دابمەزرێت، دەزگای خێرخوازیی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەم بوون یان هەر نەبوون، بەڵام دوای دامەزراندنی دەزگاکەمان، چەندان دەزگای دیکەی خێرخوازیی دامەزرێنراون و هاوشێوەی ئێمە کار دەکەن و هاوکاریی هەژاران و لێقەوماوان دەکەن."

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی "هەموو کار و چالاکییەکانمان تۆمار دەکەین و ساڵانە بە شێوەی ڕاپۆرت بۆ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە عێراق، فەرمانگەی ڕێخکراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان و هەموو هاوبەشەکانمان دەنێرین. جیاواز لە ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییەکانی دیکە کە بەڵگەنامەکانیان تەنیا بۆ پێنج ساڵ دەپارێزن، دەزگاکەمان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، هەموو بەڵگەنامەکانی پاراستووە."

مووسا ئەحمەد باسی لەوەش کرد "لە هەرێمی کوردستان کولتوورێکی زۆر جوانی بەخشین هەیە. لە چوارچێوەی کارە خێرخوازییەکانماندا، سەردانی زۆر وڵاتمان کردووە و بەشداریی چەندان کۆنفرانس و دیبەیتمان کردووە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ کاری مرۆیی، بە دڵنیاییەوە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە. ئەم کەلتوورە جوانە، مێژووییە و هی ئەمڕۆ نییە. "

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ڕاشیگەیاند "سەرەڕای ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێشتر لە نێو زۆن (ناوچە)ـی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان نەماون بە هۆی ئەو جەنگانەی، ئۆکرانیا و ڕووسیا، غەززە، سوودان و سووریایان گرتووەتەوە؛ بەڵام لە پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بووین و نەمانهێشتووە ئەو پەیوەندییە بپچڕێت. جیاواز لە دەزگا خێرخوازییە جیهانییەکانی دیکە کە زۆرینەیان لە یەک بواری تایبەتدا کار دەکەن، ئێمە لە زیاتر لە 12 بواری جۆراوجۆرا کار دەکەین و بەردەوامیش دەبین."