نێچیرڤان بارزانی: جێپه‌نجه‌ى دەزگای خێرخوازی بارزانی ديار و به‌رچاوه لە هاوکاریکردنی لێقەوماوان‌

نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی

دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی یادی 20 ساڵەی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە به‌رپرسان و به‌ڕێوه‌به‌ران و كارمه‌ندان دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامەکەیدا گوتی: يادى بيست ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ له‌ به‌رپرسان و به‌ڕێوه‌به‌ران و كارمه‌ندانى پيرۆز ده‌كه‌م، ده‌ستخۆشييان لێ ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌موو ئه‌رك و خزمه‌ته‌ مرۆيى و خێرخوازييه‌ى جوامێرانه‌ پێشكه‌شيان كردووه‌، هيواى به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، كار و خزمه‌تى مرۆيى و خێرخوازى و به‌هانا‌وه‌چوونى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى له‌ ماوه‌ى بيست ساڵى ته‌مه‌نيدا بۆ لێقه‌وماوان، به‌رجه‌سته‌كردنى گيانێكى به‌رزى مرۆيى، نموونه‌يه‌كى باڵاى مرۆڤپه‌روه‌رى و يارمه‌تيدان بووه،‌ كه‌ جێپه‌نجه‌ى ديار و به‌رچاوه‌ و مايه‌ى ڕێز و پێزانينێكى زۆره‌.