خاوەنی کارگەی دۆشاوی هەریر: جووتیاران بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە لەگەڵمان هەماهەنگ نین

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، شوان حەمید باتاسی، بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە ساڵانە وەک پلانی کارگە لە 15ـی حوزەیرانەوە تەماتە لە هەموو جووتیاران وەردەگرین، تاکوو سەرەتاکانی ئاب.

بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، دەڵێت: ئەمساڵ نزیکەی هەزار و 800 تۆن تەماتەمان وەرگرتووە و هەمووی کراوەتە دۆشاوی تەماتە.

دەشڵێت: تا ئەو کاتەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پێ دەگات، تەماتەی جووتیارانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بەڕێژەیەکی کەم وەردەگرین. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە مەڵبەندی وەرگرتنی تەماتەمان هەیە لەناو عەلوەی هەولێر، ساڵانە ئەو مەڵبەندە هەڵدەستێت بە وەرگرتنی تەماتە لە هەموو جووتیاران.

باسی لەوەش کرد، جووتیارەکانی کوردستان گوێمان بۆ ناگرن، وەکو خاوەن کارگە ئەو تۆوەی پێویستە کە پێی دەگوترێ تەماتەی پیشەسازی ئێمە پێیان دەدەین ئەوان نایڕوێنن، بەرهەمیان زیاد دەکات، پێشمان گوتوون کە هەموویان لێدەکڕینەوە، چونکە تەماتەی کوردستان لە تام و بۆنی جیاوازە و بەتامە، بەڵام بەداخەوە جووتیارانی ئێمە زیاتر بەڕێگای کلاسیکیانە تەماتە دەڕوێنن تاکوو ئەگەر ڕۆژێک کارگەش وەری نەگرت ئەوان لەبازاڕ بیفرۆشنەوە، ئێمە و ستافی حکوومەت تا ئێستا نەمانتوانیوە باوەڕ بە جووتیارەکان بهێنین بۆ ئەو بابەتە.

شوان حەمید ڕاشیگەیاند، حەوت بۆ هەشت کیلۆ تەماتە یەک قوتو ئاوتەماتەی لێ دەردەچێت، ئێمە بە هەر نرخێک بێت لە جووتیاران دەکڕینەوە هەرچەندە زەرەرمانە، بەڵام تەنیا مەبەستمان ئەوەیە پشتگیری جووتیاران بکەین بەرهەمەکانیان فڕێ نەدەن. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment