کەمترین کرێی مانگانە و ڕۆژانەی کرێکاران دیاری کرا

ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن
ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن

لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، نابێت کرێی مانگانەی کرێکار لە 450 هەزار دینار و هی ڕۆژانەش لە 15 هەزار دینار کەمتر بێت. 

سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دوای نووسراوی وەزارەتەکە لەسەر کۆنووسی لیژنەی کەمترین کرێی کرێکاری ناکارامە؛ لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، نابێت کرێی کرێکاری ناکارامە لە 450 هەزار دینار و کرێکاری ڕۆژانەش لە 15 هەزار دینار؛ کەمتر بێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، نووسراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 03ـی تەممووزی 2025، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و ڕۆژی یەکشەممەش، 03ـی ئابی 2025، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەزامەندی لەسەر دراوە. 

 

ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران

 

هەر لە هەمان چوارچێوەی خزمەتی کرێکاران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە 5500ـی بۆ کرێکاران داناوە، تا گەر کێشەیەکیان لە کاردا بۆ دروست بوو، پەیوەندی بکەن و لێپرسینەوە بکرێت و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگاکانی کار بکرێت.

لە هەرێمی كوردستاندا، بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987.

بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە.

پێویستە هەر خاوەنپرۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاکوو خۆیان دەستەبەر بکەن. لەو دەستەبەرەدا، 5%ـی مووچەی کرێکار و 12%ـی داهاتی خاوەنپرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی دەدرێتێ.