تورکیا.. بەهۆی قەیرانی دارایی زیاتر لە هەشت ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون چۆڵن

ملیۆنان هاووڵاتی تورکیا بەهۆی زۆری کرێی خانووبەرە و گرانی یەکەکانی نیشتەجێبوون ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە، ئامارەکانی ئەم دواییەش ئاشکرای دەکەن نزیکەی 8.5 ملیۆن خانوو لە سەرانسەری تورکیا چۆڵن.
ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا 21 هێندە نرخی خانووبەرە بەرزبووەتەوە، هەروەها نرخی کرێی خانووش 15 هێندە بەرزبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا تا کۆتایی ساڵی 2024، 8.5 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون چۆڵ بوون، نزیکەی حەوت ملیۆن خێزان لە خانووی کرێدا دەژین. تەنها 56.1%ـی دانیشتوان خاوەن خۆیانن، هەروەها لە ساڵی 2016، 59.7%ـی خێزانەکان خاوەنی خانوو بوون بەڵام ڕێژەکە دابەزیووە، هاوکات ڕێژەی کرێنشینان بۆ 28% بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر 24.4% بووە.
ئەم بۆشاییە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی فشارە ئابوورییەکانە، داتاکانی ساڵی 2024ـی تورکیا، دەریدەخەن کە 84.8%ـی دانیشتوانی تورکیا پێیان وایە تێچووی خانووبەرە بارگرانییە لەسەر داهاتەکانیان، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو تۆمارکراوە.
تورکیا پێچەوانەی زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی حکوومەت پاڵپشتی ڕاستەوخۆ بۆ کرێ نیشنان ناکات، ئەمەش بارگرانی لەسەر کرێچییەکان زیاد کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای ئەندێکسبۆ خانوبەرە، تێکڕای کرێی مانگانە لە سەرانسەری تورکیا بۆ مانگی حوزەیرانی 2025، نزیکەی 23 هەزار 402 لیرەی تورکی بووە، کەدەکاتە 589 دۆلار، هەروەها لە ئیستانبوڵ نرخی کرێی خانوو گەیشتووەتە 29 هەزار و 939 لیرە، کەدەکاتە 767 دۆلار.
هەروەها خەملێندراوە کە مانگانەی زۆرینەی کرێکارانی تورکیا کەمتر لە 817 دۆلارە، بەمەش بەهۆی گرانبوونی کرێی خانوو ئەستەمە بتوانن خانوو بکڕن.
ڕێژەی سوودی قەرزی خانووبەرە ساڵانە گەیشتووەتە 42.56%، بە تێکڕا نرخی شوقەیەک بە 4.36 ملیۆن لیرەی تورکیە و پێویستە مانگانە 134 هەزار و 774 لیرە بۆ ماوەی 10 ساڵ بدرێتەوە. لە ئیستانبوڵیش ئەم ژمارەیە دەگاتە نزیکەی 180 هەزار لیرە لە مانگێکدا.