خەرجی یانە سعوودییەکان نزیک دەبێتەوە لە 1 ملیار یۆرۆ

رۆناڵدۆ و بێنزێما
رۆناڵدۆ و بێنزێما

خولی رۆشنی سعوودیە کە لەم ساڵانەی دواییە پارەیەکی خەیاڵی لە گواستنەوەی ئەستێرەکانی خەرجکردووە، خەریکە بچێتە ریزی خولە گەورەکانی جیهان و یانەکانی ئەم وڵاتە، بە خەرجکردنی پارەی خەیاڵی دەیانەوێت سەرنجی جیهان بۆ خۆیان رابکێشن.

لەم چەند ساڵەی دواییە بەشێک لە یانەکانی خولی رۆشنی سعوودیە، بە هاوکاری سندوقی وەبەرهێنانی وڵاتەکەیان کە مەبەستیان بوژاندنەوەی سێکتەری وەرزشیە، پارەیەکی خەیاڵیان لە گواستنەوەی بەشێک لە ئەستێرەکانی جیهان خەرجکردووە.

بە گوێرەی دوایین داتاکانی ماڵپەری ترانسفێرمارکێت، یانەکانی سعوودی تاوەکو ئێستا نزیکەی 942 ملیۆن یۆرۆیان لە گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەکی دیاری جیهانی خەرجکردووە و پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لەم هاوینە، بگاتە نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ.

بە گشتی لە وەرزی نوێی خولی رۆشنی سعوودی 497 یاریزان یاری بۆ 18 یانەکەی ئەو خولەکە دەکەن، لەوانەش 140 یاریزانی پیشەگەرن واتە بیانین کە رێژەی سەدا 28 پێک دێن و رێژەی تەمەنی یاریزانانی خولەکە 26 ساڵە و بە تێکراییش نرخی هەر یاریزانێکی نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆیە.

لە ماوەی ئەم چەند وەرزەی رابردوو یانەی هیلال زۆرترین پارەی لە گواستنەوەی ئەستێرەکانی خەرجکردووە، ئەو یانەیە تاوەکو ئێستا نزیکەی 191 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە، یانەی نەسڕیش لە پلەی دووەم دێت و ئەوانیش نزیکەی 140 ملیۆن یۆرۆیان خەرجکردووە یانەی ئەهلیش لە پلەی سێیەم دێت.

دیارترین ئەو ئەستێرانەشی کە لەم ساڵانەی دواییە پەیوەندیان بە یانەکانی خولی رۆشنی سعوودی کردووە، پێک دێن لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بێنزێما و هەروەها نێیمار داسیلڤا و چەندان ئەستێرەی دیکەی جیهانی. هەرچەندە نێیمار داسیلڤا لە ماوەیەکی کەم یانەکەی جێهێشت.

 
Fly Erbil Advertisment