پرۆژەکانی نیشتەجێبوون پابەند دەکرێن یەکەی چارەسەریی ئاو دابنێن

محەممەد شوکری
محەممەد شوکری

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت: یەکەکانی نیشتەجێبوون پابەند دەکرێن، یەکەی چارەسەری ئاو دابنێن، ئەوەی پابەند نەبێت، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لەبواری نیشتەجێبوون، مۆڵەتی پێ نادرێت تاکو یەکەی چارەسەری ئاو دانەنێت، دەڵێت: ئەمە بووەتە بەباتێکی یەکلاکەرەوە و چەسپاو لە دەستەی وەبەرهێنان، ئەو پرۆژەی پێشتریش کراوە، ماوەیەکی بۆ دادەنرێت کە لەنزیکەی ساڵێک بێت، بۆ ئەوەی یەکەی چارەسەری ئاو دابنێت، ئەگەر جێبەجێی نەکات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.

لەبارەی پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی هەولێر، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند: لە چەند هەفتەی داهاتوو، پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی هەولێر دەست پێ دەکات کە، یەک لە پرۆژە هەرە گەورە و ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی لەمەودوا هیچ بڕە ئاوێک لە هەولێر بەفیڕۆ نەڕوات، گوتی: ئەو ئاوەی بەکاردێت، بە کوالێتی بەرز ڕیسایکلین دەکرێت و دووبارە بۆ ئاودان و کشتوکاڵ بەکاردێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان دروست نەکات، ئەم پرۆژەیە هاوشانە لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی پشتێنەی سەوز لە هەولێر، بەو ئاوەی ڕیسایکلین دەکرێت، سەوزاییەکە ئاو دەدرێت.

محەممەد شوکری دەڵێت: لە داهاتوودا بەرنامە هەیە، لە پارێزگای سلێمانیش هەمان پرۆژە جێبەجێ بکرێت.